لەم پرۆسەیەدا (72) پرسیار لە هاووڵاتییان دەكرێت
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وا بڕیارە ڕێكەوتی 20 تا 24ی ئەم مانگە، پرۆسەی سەرژمێری گشتی دانیشتووان دوای 67 ساڵ، لە تەواوی عێراق و هەرێمی كوردستان ئەنجام بدرێت .
د. دڵزار حەمەساڵح، بەڕێوەبەری ئاماری پارێزگای هەولێر لەمبارەوە ڕاگەیاند “ئەمڕۆ 16ـى تشرینی دووەم، قۆناخێكی نوێی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی دەست پێ دەكات و بۆ ماوەی 3 ڕۆژ بەردەوام دەبێت و لیژنەكانی بژمێرەكانی پرۆسەكە سەردانی ماڵان دەكەن بۆ تۆماركردنی زانیاری خێزانەكان،”
دەشڵێت “لە ڕۆژانی قەدەخەی هاتووچۆ 20 و 21ی تشرینی دووەمی 2024، بژمێرەكان سەردانی ماڵان دەكەنەوە و تەنیا زانیارییەكان نوێ دەكەنەوە، بۆ ئەوەی بزانن ئایا لەو هەفتەیەدا هیچ گۆڕانكارییەك لەو ماڵە ڕوویداوە یان نا، وەكوو لەدایكبوونی منداڵی نوێ یان گیانلەدەستدانی ئەندامێكی خێزانەكە.”
ئەوەشی خستە ڕوو لە ماوەی ئەم دوو ڕۆژەدا تەنیا پرسیاری سادە و ئاسان لە هاونیشتمانییان دەكرێت وەك (ناو و تەمەن و ئاستی خوێندەواری)، بەڵام بۆ ڕۆژانی دواتر كە تا 10 ی مانگی 12 بەردەوام دەبێت، فۆرمێكی وردی زانیاری كە پێكهاتووە لە 72 پرسیار بۆ هاونیشتمانییان پڕ دەكرێتەوە.
بەشێك لەو پرسیارانەی لە ڕۆژانی سەرژمێری گشتی لە هاووڵاتییان دەكرێت :
1- ژمارەی ئەندامانی خێزان ؟
2- ناوی سییانی سەرۆك خێزان ؟
3- ناوی دایك و باوكی هەموو ئەندامانی خێزان ؟
4- پەیوەندی ئەندامانی خێزان بە سەرۆك خێزانەوە ؟
5- ڕۆژ و مانگ و ساڵی لە دایك بوونی هەموو ئەندامانی خێزان ؟
6- ژمارەی خێزان كە لە ناو هەمان خانوو دەژین ؟
7- جۆری جنسییەی هەموو ئەندامانی خێزان ؟
8- جۆری ئایین ؟
9- شوێنی لە دایك بونی هەموو ئەندامانی خێزان ؟
10- كێشە و ئاستەنگەكانی تەندروستی لە هەر ئەندامێكی خێزان ؟
11- دواین بڕوانامە ئەگەر هەبوو، پسپۆڕیەكەی چییە ؟
12- ئەندامانی خێزان كار دەكەن؟ كۆمەڵێك پرسیاری تر لەو بارەیەوە.
13- پرسیاری باری خێزانداری هەموو ئەندامانی خێزان.
14- كۆمەڵێك زانیاری لە كارتی زانیاری یان نفوس وەردەگیرێت.
15- خانوو موڵكە یان كڕیێ، هتد…
16- ژمارەی مۆبایلی سەرۆك خێزان.
17- ڕووبەری خانوو.
18- خانوو چەند ژوورە و چەند ژوور بەكار دەهێنرێت ؟
19- ئاوی ماڵ حكومییە یان فیلتەرە یان بیرە، هتد… ؟
20- كارەبا نیشتمانییە، تاقە شەمسیە یان هەر جۆرێكی تر ؟
21- پاشماوەی ماڵەكەت چۆن فڕێ دەدەیت ؟
22- كۆمەڵێك زانیاری لە فۆرمی خۆراك.
23- لە ماوەی ساڵی ڕابردوو (20/11/2023) تا (20/11/2024) هیچ كەسێك لە خێزان كۆچی دوای كردووە؟ كۆمەڵێك پرسیاری دیكە.
24- پرسیاری كۆتایی ئەوەیە، 18 جۆر كەل و پەل دیاری كراوە كە پرسیاری لێ دەكرێت ئەوانیش بریتین لە :
(ئۆتۆمبێل، ماتۆڕ، سەلاجە،موجەمیدە، موبەڕیدە، غەسالە، مۆلیدە، تەلەڤزیۆن، گێزەر،گسكی كارەبایی،ئایپاد،كۆمپیوتەر، مۆبایلی زیرەك، ئینتەرنێت، قاپشۆر، سپلیت).