”ساڵانە ملیۆن و نیوێک کەس بەهۆى ئەو نەخۆشییە گیان لەدەست دەدەن”
نیشانەکانى ئەو نەخۆشییە چین؟
ئا: بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
ئەمڕۆ رۆژی جیهانی نەخۆشی شەکرەیە، کە لە ساڵی 1991 بەهۆی زۆربوونی رێژەی تووشبووانی ئەم نەخۆشیە لە جیهاندا 14ی مانگی نۆڤێمبەری هەموو ساڵێک تایبەت کرا بە شەکرە، چونکە هەر لەم رۆژەدا لە ساڵی 1921 دکتۆر فردریک بانتینج لەدایکبووە، کە یەکێک بوو لەو پزیشکانەی ئەم نەخۆشیە مەترسیدارەی دۆزیەوە، هاوکات ساڵانە 130 دەوڵەت بە چالاکی تەندروستی جۆراوجۆر یادی دەکەنەوە.
بەپێی داتاکانی WHO، شەکرە یەکێکە لە باوترین نەخۆشییەکانی جیهان و زیاد لە 400 ملیۆن کەس توشبووی ئەم نەخۆشییەن، ساڵانە نزیکەی ملیۆن و نیوێک کەس بەهۆیەوە گیان لەدەست دەدەن.
نەخۆشی شەکرە یەکێکە لە نەخۆشیە مەترسیدارەکان کە ناسراوە بە بکوژە بێدەنگەکە و درێژخایەنە و تا کۆتایی تەمەن دەمێنێتەوە، بەهۆی زیادبوونی بەرهەمی کلوکۆزەوە لە خوێندا یان کەمی هۆڕۆمۆنی ئەنسۆلین تووشی نەخۆشی شەکرە دەبین، دواجاریش زیان بە خوێن بەرەکان و دڵت دەگەیەنێت.
نیشانەکانی ئەم نەخۆشیە مەترسیدارە گرنگە، چونکە هەندێک کات نیشانەکانی نادیارە و نەخۆش هەستی پێناکات تا زوو سەردانی پزیشک بکات و چارەسەر وەربگرێت.
پێویستە لایەنی کەم کەمێک شارەزایت لە نیشانەکانی نەخۆشی شەکرە هەبێت:
– میزکردن بە شێوەیەکی زۆر، گومانی تێدانیە کە بوونی هەوکردن لە میزەڵداندا دەبێتە هۆی میزکردنی زۆر، بەڵام ڕەنگە ئەم هەوکردنە بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە بێت، چونکە لەش هەوڵدەدات ڕزگاری بێت لە کلوکۆزی نابەکارهێنراو.
– هەستکردن بە تینوێتی زۆر، بەهۆی میزکردنی زۆرەوە.
– وشکبوونەوەی دەم بەشێوەیەکی زۆر نیشانەیە بۆ نەخۆشی مەترسیدار، بەتەنها هێمانییە بۆ وشکبوونەوەی لەش، ڕەنگە تووشی شەکرەی خوێن بووبیت لە جۆری دوو، لەهەمان کاتدا زیان بە ددان و زمان دەگەیەنێت.
– نەخۆش زوو زوو برسی دەبێت، چونکە بەرز بوونەوە یان نزمبوونەوەی شەکری خوێن زیان بە لەش دەگەیەنێت، دەبێتە هۆی ئەوەی نەخۆش برسی بێت و زیاتر ئارەزووی خواردن بکات.
– زوو ماندووبوون و هەست کردن بە بێزاری و کەم خەوتن بەهۆی زۆر میزکردنی شەوانەوە، تووشبوون بە دڵەڕاوکێ.
– توانای سەرنجدان و بینینی ئاستی چاوەکانت کەم دەبێتەوە، ئەمەش یەکێکە لە مەترسیدارترین نیشانەکان.
– ئەو کەسانەی تووشی شەکرەی خوێن دەبن، لەهەمانکاتدا تووشی هەوکردنی چەند ئەندامێکی لەشیان دەبن وەک پێست یان میزەڵدان یان ئەندامی زاوزێ.
– ڕەنگە هەندێک کات هەست بە سڕبوونی هەندێک ئەندامی لەشت بکەیت، بەهۆی کاریگەری شەکرە لەسەر مێشک.
– دابەزینی کێش بەشێوەیەکی زۆر ،بەهۆی تێکچوونی تواناکانی لەش لە بەرهەمهێنانی ئەنسۆلیندا.
– ئەو کەسانەی تووشی شەکرە دەبن، برینەکانیان درەنگ چارەسەر دەبێت، بەتایبەتی تووشبووانی جۆری دوو، پێویستە ئاگاداری هەمو ئەو خۆراکانە بن کەدەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە تەندروستی.
– توشبووانی نەخۆشی شەکرە پێویستە بە باشی لە حاڵەتەکەیان تێبگەن و رێنماییەکانی پزیشک رەچاوبکەن، بە پێچەوانەوە دەنا نەخۆشییەکە کاریگەری سلبی لەسەر تەندروستییان دەبێت.
بەپێی لێکۆڵینەوە پزیشکیەکانی بەریتانیا، ساڵانە سێ پشکنینی گرنگ هەیە، کەدەبێت هەر توشبوویەکی نەخۆشی شەکرە پشتگوێیان نەخات، دەنا ئەگەری مردنی پێشوەختی زیاد دەکات بۆ دوو هێندە، لایەنی کەم ساڵانە یەکجار ئەنجام بدرێت، پشکنینی پەستانی خوێن، پشکنینی رێژەی کۆڵسترۆڵی خوێن، پشکنینی چالاکی گورچیلەکان.
ئەم سێ پشکنینە پێویستین بۆ دەرخستنی دروستبوونی باری نائاسایی و مەترسیدار لە نەخۆشدا، ئەگەر پشتگوێ بخرێن مەترسی کۆمەڵێک حاڵەتی کوشندەی وەک نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشک و نەخۆشی گورچیلە زیاد دەکات.