زارى کرمانجى:
رۆژنامەی سۆزجوی تورکی لە بابەتێکیدا باس لە گەڕانەوەی ترەمپ دەکات بۆ کۆشکی سپی و لە زاری جەنەڕاڵێکی خانەنشینی تورکیاوە دەڵێت، ”ترەمپ رێ بۆ دروستبوونی دەوڵەتێکی کوردی خۆش دەکات”.
لە رۆژنامەکەدا هاتووە، عوسمان پاموکئۆغڵو جەنەڕاڵی خانەنشینی تورکیا لەپای ئەو پاڵپشتیانەی کە ئێستا لە تورکیا هەیە بۆ ترەمپ، ئاماژە بەوە دەکات نابێت خەیاڵ پڵاو بن، بۆ پاڵپشتیکردنی ئەم بۆچوونەشی دەڵێت، ”سەیری ئەو کادرانە بکەن کە بۆ کابینەکەی دەستنیشانی کردوون، لە دژی تورکیان، لە پاڵپشتی ئیسرائیلیشدان دەبن.”
بەشێك لەو کاندیدانەی ترەمپ بۆ پلە و پۆستە باڵاکانی ئیدارەکەی دەستنیشانیکردوون، پێشتر بەرگرییان لە کورد کردووە و هاوسۆزی دۆزی کورد بوون، لە دژی ئێران و تورکیاش قسەیان کردووە. یەکێک لەوانە مایک واڵتزە کە وەک راوێژکاری ئاسایشی نینشتیمانی دەستنیشانکراوە و پێشتر بە یەپەگەی گوتووە، باشترین هاوپەیمانمانن.
هاوکات ترەمپ مارکۆ روبیۆ، سیناتۆری فلۆریدای وەک پاڵێوراوێکی پۆستی وەزیری دەرەوەی دەستنیشانکردووە، کە پێشتر گوتوویەتی، ”کاتی دروستبوونی دەوڵەتی کوردییە.”
چاوەڕوان دەکرێت دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ئەمریکا مارکۆ رۆبیۆ سیناتۆری فلۆریدا بۆ پۆستی وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کاندید بکات، کە چەندین جار هەڵوێستی لەسەر کورد هەبووە و بەئاشکراش داوای سەربەخۆیی کوردستانی کردووە.
جەنەڕاڵە خانەنشینەکەی تورکیا دەڵێت: ”خەونی ئەمریکا و ئامانجی سیاسییەکەی ئەوەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا لەنێو ئێران و عەرەبەکاندا دەوڵەتێکی کوردی قوتکاتەوە، بۆ ئەمەش لە عێراق 10 هەزار و لە سوریا 70 هەزار کەسی چەکدار کردووە، بایدن یاری بە دۆخەکە دەکرد، ترەمپ کەسێکی سترێسە، رێگەی پێ دەدات.