مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
یاشار گولەر وەزیری بەرگریی توركیا لە میانی بەشداری كردنی لە بەرنامەی TV100دا ئاشكرای دەكات كە ئەگەرێكی زۆر هەیە ئیسرائیل هێرش بكاتە سەر توركیا، پێشتریش ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆككۆماری توركیا لە سەرەتای مانگی ڕابردوو ڕاگەیاندبوو كە”ئیسرائیل دوای فەلەستین و لوبنان چاو دەبڕێتە خاكی توركیا.”
وەزیری بەرگریی توركیا ئاشتەوایی و یەكێتی و بەهێزیی بەرەی ناوخۆی وڵاتەكەی بە پێویست ناوبرد لە بەرامبەر هەر هێرشێكی دەرەكی ئەگەر بكرێتە سەر وڵاتەكەیان و ڕاگەیاند”بەرەی ناوخۆ هەمیشە بۆ ئێمە پێویستە. واتە ئەگەر لە ئاشتیشدا بین، یەكێتی و بەهێزیی بەرەی ناوخۆ هەمیشە لە بەرژەوەندیی وڵاتدایە.”
یاشار باس لە كێشەكانی ناوخۆی توركیا و هەوڵەكانی سەرۆككۆمار دەكات و دەڵێت “بێگومان كێشەمان هەیە، هەموو وڵاتێك كێشەی هەیە، لێرەدا سەرۆككۆمارمان هۆشداری دەداتە هەمووان و دەڵێت، با بە تەواوی بوونمانەوە خاوەنداریی بەرەی ناوخۆ بكەین. دەپرسن و دەڵێن: ئایا ئیسرائیل هێرش دەكاتە سەر توركیا ؟ باشە ئەگەر بەڕێز سەرۆككۆمارمان مەترسییەكی وەها نەبینێت، شتێكی وەها دەڵێت ؟ بێگومان دەكرێت هێرش بكات.”