زاری کرمانجی-سۆران
وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕێنماییەكانی پەیوەست بە قەدەغەی هاتووچۆی سەرتاسەری بۆ ڕۆژانی ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە ڕادەگەیێنێت و دەشڵێت، ئامانج لەوە ئاسانكارییە بۆ پرۆسەی سەرژمێریی گشتیی.
لە كۆنگرەیەكەی رۆژنامەوانیدا میقداد میری، گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، لیژنەی باڵای ئەمنیی سەرژمێریی گشتیی دانیشتووان، پلانێكی تایبەتیی بۆ پرۆسەی سەرژمێریی لە ڕۆژانی بیست و بیست و یەكـی ئەم مانگە لە پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان ئامادە كردووە.
ئاماژەی بەوەش كرد، كاتژمێر 12ی شەوی19 لەسەر 20ی ئەم مانگە، قەدەغەی هاتوچۆ لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان دەستپێدەكات و تاوەكوو كاتژمێر 12ی شەوی 21 لەسەر 22 مانگ بەردەوام دەبێت.
جەختیشی كردەوە، لەو ماوەیەدا هاتوچۆی ئۆتۆمبێل لەنێوان سەرجەم گوند، كۆمەڵگە، ناحیە، قەزا و پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان قەدەغەیە و تەنها لە حاڵەتێكی مرۆڤیی نەخوازراو یان حاڵەتێكی زۆر پێویست نەبێت كە ئەو كات ڕێگە بە هاووڵاتییان دەدرێت هاتوچۆ بكەن.
گوتیشی، ئامانج لە قەدەغەی هاتووچۆ، ئاسانكارییە بۆ ئەنجامدانی پرۆسەی سەرژمێریی دانیشتووان كە لە سەرجەم پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان بەڕێوەدەچێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، لەو ماوەیەدا تەنها ڕێگە بە كارمەندانی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ئەو فەرمانبەرانەی پرۆسەی سەرژمێریی بەڕێوە دەبەن و ئەو ڕۆژنامەنووسانە دەدرێت هاتوچۆ بكەن كە باجی تایبەتییان بۆ دەركراوە.