بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر داواكارە لە هاووڵاتییان گەنمەشامی بچێنن
مستەفا دۆڵەمەری- مێرگەسۆر:
بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر بۆ زاری كرمانجی دەڵێت:” ئەو هاووڵاتییانەی زەوی و ئاوی گونجاویان هەیە و دەتوانن لەمەودوا گەنمەشامی بچێنن.”
محەممەد ڕەشید بەڕێوەبەری كشتوكاڵی مێرگەسۆر دەشڵێت:” بە هاوكاری هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران و غەفوور ئەحمەد قایمقامی قەزای مێرگەسۆر، توانیمان ئامێری دروێنەی گەنمەشامی دابین بكەین ئەمەش هاوكارییەكی باشە بۆ ئەوەی تێچووی دروێنە لە سەر جووتیاران تا ڕادەیەك كەم بێتەوە.”
بەڕێوەبەری كشوكاڵی مێرگەسۆر ئەوەش دەخاتە ڕوو:” بەردەوام دەبین لە هەوڵدان بۆ دابینكردنی ئامێرەكانی كشتوكاڵی وەك تراكتۆر و تۆدەر بۆ ئەوەی بتوانین لە كۆی قۆناخەكانی چاندن و دروێنە هاوكار و پاڵپشتی جووتیارانی دەڤەرەكەمان بكەین.”