بەهۆی تەقینەوەی بۆمبێكی چێندراو لە شاری حەسەكەی رۆژئاوای كوردستان، سێ شەڕڤان گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ سێشەم 12ی تشرینی دووەم، ئاسایشی خۆسەر راگەیەندراوێكی بڵاو كردەوە تێیدا ئاماژەی بەوە كردووە ” لە كاتی ئەركی هێزەكانیان و گەڕان و پشكنین بەدوای تیرۆرستان و پاككردنەوەی گوندەكانی دەورووبەری حەسەكە، بەتایبەتی ناوچەی هۆل و كەمپەكەی لە شانە تیرۆرستییەكان و ئەوانەی بە تۆمەتی یارمەتیدانی تیرۆریستان و هاوكاریكردنیان داواكراون، بۆمبێكی چێنراو بەهێزەكانماندا تەقییەوە”.
بەپێی زانیاری نێو راگەیەندراوەكە ” تەقینەوەكە لە رێگەی دوورەوە ئەنجام دراوە و بۆمبەكەش بە كاروانی ئۆتۆمبێلی هێزەكانیاندا تەقیوەتەوە، سێ ئەندامی هێزەكانی سووریای دیموكرات (هەسەدە) لە ئۆتۆمبێلەكەدا بوون و دەستبەجێ گیانیان لە دەست داوە”.