مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە هێرشێكدا لە باشووری پارێزگای بەلووچستانی ئێران، 5 چەكداری سەر بە هێزەكانی بەسیجی پاسداران كوژران.
بە پێی هەواڵێكی ئاژانسی مێهر ی ئێرانی، لە پەلامارێكی چەكداری نەناسراو لە ناوچەی “سیركان” سەر بە شاری سەراوان لە باشووری پارێزگای سیستان و بەلووچستان، 5 سەربازی هێزی ئەمنی بەسیجی سەر بە سوپای پاسداران كوژران.
لە لایەكی تریشەوە، ڕاگەیاندنی پەیوەندییە گشتییەكانی بنكەی قودسی سوپای پاسداران ڕاگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و دەڵێ “تا ئێستا هێرشبەران نەناسراون، بەڵام هێزەكانمان لە كێوماڵكردنی ناوچەكە دان و خراپكاران لە هەر كوێیەك بن دەیاندۆزینەوە و سزایان دەدەین.”
هاوكات دوو هەفتە بەر لە ئێستا لە نزیك سنوورەكانی ئەفغانستان و پاكستان، دە چەكداری هێزە سنوور پارێزەكانی ئێران كوژران و دوای ڕووداوەكە ڕێكخراوی جەیشولعەدل لە كەناڵی تێلێگرامی تایبەت بە ڕێكخراوەكە بەرپرسیارێتیی هێرشەكەی گرتە ئەستۆی خۆی.