زاری كرمانجی-سۆران:
ئەمڕۆ نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان، لە شاری باكوی پایتەختی ئازەربایجان لە لوتكەی ئاوھەوا بەشداری دەكات كە بڕیاریە لوتكەكە تاوەكو رۆژی هەینی 22ی ئەم مانگە بەردەوام بێت.
لوتكەی ئاوھەوا كە بە كۆپ بیست و نۆ ناسراوە ئەمڕۆ دووشەممە 11ی تشرینی دووەم لە شاری باكوی پایتەختی ئازەربایجان دەستپێدەكات.
لوتكەی كۆپ 29 گرنگترین كۆبوونەوەی جیهانە سەبارەت بە گۆڕانی ئاوھەوا، لەلایەن نەتەوەیەكگرتووەكانەوە سەرپەرشتی دەكرێت و لوتكەی ئەمساڵ كە بیست نۆیەمین لوتكەیە، لە یازدە تاوەكو بیست و دووەمی ئەم مانگە بەردەوام دەبێت.
ئامانجی سەرەكی كۆبوونەوەی ئەمساڵ لە ئازەربایجان رێككەوتنە لەسەر چۆنییەتی كۆكردنەوەی هاوكاریی دارایی زیاتر بۆ ئەو وڵاتە هەژارانەی بەدەست گۆڕانی كەشوهەواوە دەناڵێنن، هەروەها بە ئامانجی سنوورداركردنی دەردانی گازە گەرمكەرەكان و كەمكردنەوەی گۆڕانی كەشوهەوا. رێككەوتنی گۆڕانی كەشوهەوا لە ساڵی 1992، لەلایەن نزیكەی 200 وڵاتەوە واژۆ كراوە، كۆنفرانسی لایەنەكان كۆپ دەزگای بڕیاردەری ئەو رێككەوتنەیە، نوێنەرانی ئەم وڵاتانە ساڵانە كۆدەبنەوە بۆ دانوستاندن لەسەر باشترین رێگاكان بۆ بەرەنگاربوونەوەی هۆكارە بنەڕەتییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا.