زاری كرمانجی :
بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی راپەڕین ئەمڕۆ پێنجشەممە 20 ی ئۆكتۆبەری 2022، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا راگەیاند باندێكیان دەستگیركرد كە چەندین تاوانی دزیكردنیان ئەنجامداوە.
شۆرش ئیسماعیل وتەبێژی پۆلیسی راپەرین لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، سێ تۆمەتباری دانیشتووی شارى كۆیە یان دەستگیركردووە كە چەندین دزیان لە سنووری كۆیە، رانیە، حاجیاوا، سەروچاوە، چوارقوڕنە، خەلەكان و چەند شوێنێكی دیكە ئەنجامداوە.
هەروەكو وتەبێژی پۆلیسی راپەرین هێمای بۆ دەكات یەكێك لە دزیكردنەكان لە ماڵی خەزووری یەكێك لە دەستگیركراوەكان بووە و دەڵێ :” یەكێك لە تۆمەتبارەكان ماڵی خەزووری بانگێشتی ماڵی خۆی كردووە، بۆ ئەوەی ماڵەكەیان چۆڵببێت، دواتر لەگەڵ تۆمەتبارەكانی دیكەدا دزییان لێكردوون و بڕێكی زۆری پارەیان لێ دزیوە.”
جگە لەوەش ئەو باندە دزییان لە سندوقی كۆمەك و بەخشین و دامەزراوەی حكومی و چەندین شوێنی تریش كردووە.