مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕۆژنامەی ئاكیتی توركی، لەسەر زاری وەزیری ناوخۆی توركیا بڵاوی كردەوە كە 235 كەس بە تۆمەتی خۆپیشاندان لە دژی دانانی قەیووم دەستگیركراون.
لایەنگر و ئەندامانی پارتی یەكسانی و دیموكراسیی گەلان (دەم پارتی) لە دوای لادان و دوورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانییەكانی (مێردین، ئێلیهـ و شارۆچكەی خالفەتی لە ڕووها) و دانانی قەیووم لە جێگایان، لە 47 پارێزگای باكووری كوردستان و توركیا ڕژانە سەر شەقامەكان و ناڕەزایی خۆیان نیشاندا.
عەلی یەرلیكایا وەزیری ناوخۆی توركیا، خۆپیشاندانەكانی دەم پارتی بە گێرەشێوێنی ناو دەبات و دەڵێ”تا ئێستا 235 كەس لەوانەی هەوڵی نانەوەی پەشێوەی و گێرەشێوێنیان داوە دەستگیركراون و 217 پێگە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانیش بلۆك كراون كە پۆستی توندوتیژییان بڵاو كردووەتەوە.”