مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ڕاگەیاندراوێكدا وەزارەتی دارایی و ئابووریی ئێران ئاشكرای دەكات پرۆژەی ڕێكخستنەوەی كاری كۆڵبەریی لەلایەن حكومەتەوە پەسەند كراوە و لە داهاتوودا گۆمرگ لە كۆڵبەران وەردەگیرێت .
عەبدولناسر هیممەتی، وەزیری دارایی و ئابووری ئێران ڕایگەیاند “پرۆژەكە لەلایەن حكومەتەوە پەسەند كراوە و هاوردەكردنی كاڵا لەلایەن كۆڵبەرانەوە دەخرێتە سەر سیستەمی گومرگیی ئێران و قۆناخ بە قۆناخ لە ماوەی پێنج ساڵدا گومرگ لە كۆڵبەران وەردەگیرێت، سەرەتا گۆمرگێكی كەم و دواتریش زیاد دەكرێت لەسەریان،”
هیممەتی باس لەوەش دەكات كە پارێزگاری ناوچە سنوورییەكان بەرپرس دەبن لە جێبەجێكردنی پرۆژەكە.
بەپێی ئامارێكی كۆڵبەر نیووز لە ماوەی 13 ساڵی ڕابردوو 717 كۆڵبەر لەلایەن هێزە سنوور پارێزەكانی ئێران كوژراون و نزیكەی دوو هەزاری دیكەش برینداركراون .