”بەپێى رۆژمێرى وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم، پێویستە ئێستا تەماتە هاوردە بکرێت”
بەختیار سەباح-زارى کرمانجى:
بەهۆى کەمبوونەوەى بەرهەمى تەماتە لەناوخۆدا، ئێستا وەزارەتى کشتوکاڵى حکومەتى هەرێم، باجى لەسەر هاوردەکردنى تەماتە لاداوە، بۆ ئەوەى نرخى هەرزان بێت و پێداویستى ناوخۆ پڕبکاتەوە.
کامەران حوسێن مامەند، بەڕێوەبەرى گشتیى کشتوکاڵى سۆران، لەمبارەیەوە بە زارى کرمانجى ڕاگەیاند: ” لەم وەرزەدا بەرهەمى تەماتەى خۆماڵى کەمبووە، بە تایبەت بەهۆى هاتنى شەپۆڵێکى سەرما لە ماوەى رابردوودا، کە کاریگەرى لەسەر کەمبوونى بەرهەمى تەماتە هەبوو، بەڵام وەزارەتى کشتوکاڵى هەرێم، سیاسەتى هەناردەکردن و هاوردەکردنى بەروبوومى خۆماڵى هەیە، کە بەپێى ڕۆژمێرێکى کشتوکاڵى کار دەکات”.
گووتیشى ”بەپێى ئەو ڕۆژمێرە کشتوکاڵیە، چ کاتێک بەروبوومى خۆماڵى پێ بگات، باجى لەسەر دادەنێت و هاوردەکردنى قەدەغە دەکات، ئەگەر بەرهەمەکە کەمبووەوەو پێداویستى هاووڵاتییانى پڕ نەکردەوەو نرخەکەى گران بوو، ئەوە رێگە بە هاوردەکردن دەدات و باجى لەسەر هەڵدەگرێت، تەنیا لە حاڵەتى لەناکاو نەبێت، وەک بڵاوبوونەوەى نەخۆشى کشتوکاڵى یان هەر رووداوێکى دیکە”.
ئاماژەى بەوەشکرد، ” لەم وەرزەدا بەرهەمى تەماتە لە کوردستان کەمبووەو نرخەکەشى گران بووە، بۆیە پێویستە لە دەرەوە هاوردە بکرێت و باجى لەسەر هەڵبگیرت، ئەمەش لە بەرژەوەندى هاووڵاتییانى هەرێمى کوردستانە”.
ئەوەشى روونکردەوە، ئەو سیاسەتەى حکومەتى هەرێم، لە کەرتى کشتوکاڵى پەیڕەوى دەکات، بۆ پاڵپشتى جووتیارانى هەرێمى کوردستانە، دەبێتە هۆکارێک بۆ زیادبوونى بەرهەمى کشتوکاڵى لەناوخۆدا، هەروەها کەرتى کشتوکاڵى زیاتر پێش دەکەوێت، جووتیارانیش بەرهەمەکانیان بەپێى وەرزى پێگەیشتن ساغ دەکەنەوە”.