توانا فەریق ئەحمەد
عێراق هەر لە ساڵی ١٩٢١ كەوتبووە ژێر ئینتدابی بەریتانیا، بۆیە لە ماوەی ئەم پەیمانە خەڵكی عێراق بێزار ببوون لە سیستەم و دەسەڵاتی بەریتانیا، چونكە پێیان وابوو چیتر پێویستیان بە وڵاتێكی وەك بەریتانیا نییە بۆیە بەردەوام داوای سەربەخۆییان دەكرد.
دوای ئەوەی حكومەتی عێڕاق كابینەیەكی نوێی حكومەتی پێكهێنا بە سەرۆكایەتی نوری سەعید لە بەرواری ٢٣-٣-١٩٣٠، هەنگاوی نا بۆ ئەوەی پەیمانێكی نوێ ببەستێت لەگەڵ بەریتانیا، ئەوە بوو لە ٣٠ حوزەیرانی ١٩٣٠ پەیمانی نێوان بەریتانی و عێراقی بەسترا،
بە كورتی ئەگەر باس لە هەندێك لە بەندەكان بكەین:
*عێراق لەم پەیمانە كاندید كرا بۆ كۆمەڵەی گەلان، واتە دەبێت لە ساڵی ١٩٣٢ بە فەرمی ببێتە ئەندام لە كۆمەڵەكە.
*هەردوو لا دەبێت لە كاتی شەڕ هاوكاری سەربازی پێشكەش بە یەكتری بكەن.
*عێراق دەبێت دوو بنكەی هەوایی بدات بە بەریتانیا یەكێكیان لە باشووری عێراق لە ناوچەی (شوعەیبە)، ئەوەی تریان لە خۆرئاوای فورات لە ناوچەی (حەببانیە).
ئەم پەیمانە هەموو پەیمانەكانی پێشتری كە لە ساڵانی (١٩٢٢-١٩٢٦-١٩٢٧) لە نێوان بەریتانیا و عێراق بەسترا بوون هەڵی وەشاندنەوە.
ئەم پەیمانە ڕووبەڕووی لێشاوی ڕەخنە بووەوە لە ناوخۆی عێراق بە گشتی و لە شاری بەغدا بەتایبەتی،دەنگی ناڕەزایەتی زیاتر لە نێو چینی خوێندەوار و قوتابییەكان سەری هەڵدا، بە ئاشكرا بانگەوازی مانگرتن و خۆپیشاندانیان كرد، بۆیە هەر زوو حكومەت توانی بەسەریان زاڵ بێت و هەندێكیشیان دەستگیر بكات بۆ ماوەی شەش مانگ، دواتر كارەكانیان بە شێوەی نهێنی ئەنجام دەدا لە ڕێگای بڵاوكردنەوەی ڕۆژنامە لە دژی ئەم پەیمانە، بە تایبەتی لەو كات هەندێك حیزب ڕۆڵی سەرەكییان بینی لە بڵاوكردنەوەی ڕۆژنامە لەوانە (حیزبی شەعب-یاسین هاشمی)،(حیزبی وطنی-جعفر ابو تمن)،(حیزبی تەقدومی-ناجی سویدی) لە نێو هەموویاندا حیزبی وطنی چالاك بوو لە بڵاوكردنەوەی ڕۆژنامەكان.
هەروەها یاسین هاشمی سەرۆك وەزیرانی پێشتری دەڵێ ئەم پەیمانە هیچ دەستكەوتێكی بۆ گەلی عێراق دەستەبەر نەكردووە هەتا دەڵێ عێراق لە جیهانی عەرەبی كۆت و بەندكراوە دوای ئەم پەیمانە، ڕەشید عالی گەیلانی لە وتەیەكدا دەڵێ ئەم پەیمانە سیستەمی ئینتدابی كاتی گۆڕی، بۆ داگیركردنی هەمیشەیی)
دوای ئەو هەموو ڕەخنەیە نوری سەعید وەڵامی ڕەخنەكان دەداتەوە دەڵێ، ئەم پەیمانەی ئێمە لەگەڵ بەریتانیامان بەستووە ئەگەر زیاتر نەبێت لەوەی كە لە قاهیرە بەسترا لە ساڵی ١٩٢٢ كەمتر نییە، وە دەڵێ دوای ئەم پەیمانە هەموو وڵاتان ئاوات بە عێراق دەخوازن.
لە كۆتاییدا گەیشتین بەوەی ئەگەرچی زۆر دژایەتی ئەم پەیمانە و حكومەتەكەی نوری سعید كرا، بەڵام بەهۆی ئەوەی كەسایەتی نوری سەعید زۆر پابەند بوو بە بڕیارەكانی بەریتانیا، بۆیە بەریتانیا زۆر پشتگیری لێ دەكرد و لە دەسەڵات دەیهێشتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین هۆكاری شكستی هەوڵەكانی خەڵكی عێراق بەریتانیا بوو بە پلەی یەكەم.
سەرچاوەكان:
١د.محەممەد سوهەیل تەقوش-(٢٠٢١) -مێژووی نوێ و هاوچەرخی عێراق-چ(١)-و:سەربەست جیهاد. ٢ئەحمەد حەمەد ئەمین-(٢٠١٠)-چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی نوێ و هاوچەرخی عێراق-چ(١).
٣_چارلز تریب-(٢٠١٣) – چەند لاپەڕەیەك لە مێژووی عێراق-چ(٣)-و:محەممەد حوسێن، عەبدولقادر كەلهوڕ.