مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
كاروان حەمید حەلاقی هونەرمەند، چیرۆكی ژیانی عەلی عاشقی لە بەرهەمێكی هونەری حەوت خولەكی دا كۆ كردووەتەوە و دەڵێت “عەلی عاشق وەك ڕابەرێكی عاشقان لە دونیای عەشق و ئەویندا بە زیندووی دەمێنێتەوە.”
كاروان حەلاق لە بارەی بەرهەمەكەوە ڕاگەیاند كە چیرۆكی عەلی عاشق دواین بەرهەمی خۆیەتی و باس لە ژیانی ئەو پیاوە عاشقە دەكات كە بە هۆی نەگەیشتنی بە خۆشەویستەكەی، ڕووی كردە ئەشكەوت و تا دوا ساتەكانی ژیانی جیهانی تەنیای هەڵبژارد.
كاروان حەمید حەلاق، هونەرمەندی دوورە وڵات و دانیشتووی هۆڵەندا، ڤیدیۆ كلیپەكەی كە بە ناوی (چیرۆكی عەلی عاشق)ە و ماوەكەی حەوت خولەك و نیوە، پێشكەش بە ڕۆحی عەلی عاشق و هەموو ئەو عاشقانەی لە عەشقدا ڕاستگۆن، كردووە و بەرهەمەكەش لە گەلی عەلی بەگ لە ئیدارەی سۆران و هەورامان وێنە گیراوە و كاروان وەك گۆرانیبێژ و ژەنیار، هەروەها بە قژ و ڕیشی سپی لە نێو بەرهەمەكەدا ڕۆڵی عەلی عاشق دەگێڕێت .
عەلی عەبدوڵڵا شێخە ناسراو بە عەلی عاشق، خەڵكی گوندی سرێشمەی سەر بە قەزای خەلیفانە و بە هۆی نەگەیشتنی بە خۆشەویستەكەی زیاتر لە 60 ساڵی تەمەنی بە تەنیا لە نێو ئەشكەوت و سروشتی گەلی عەلی بەگ بەسەربردوو هەر لەبەر ئەمەش بەشێك لە گەنجانی دەڤەرەكە نازناوی (ئیمپراتۆری عەشق) یان بە عەلی عاشق بەخشیبوو.
عەلی عاشق لە تەمەنی 83 ساڵی لە 13ی تشرینی یەكەمی 2020 كۆچی دوایی كرد .