محەمەد ئامۆكەیی- زاری كرمانجی:
بەر لە 18 ساڵ بە سوتفە وتارێك لە مەڕاسیمێكی قوتابیانی رۆژهەڵات بۆ رۆژئاوا پێشكەش دەكات و دواتر رادیۆی ئازادی داوای لێ دەكات كاریان بۆ بكات، ئەو ناوەستێت تا خۆی لە شاشەی تیڤی دەبینێتەوە و بەهۆی تواناكانیەوە بڕیار دەدات وەك یەكەم كچە رۆژنامەوان رووماڵی بەرەی جەنگ بكات، هێرۆ مەولوودی، لە دیدارێكی زاری كرمانجی باس لە چۆنیەتی رووماڵی بەرەی شەڕو رۆڵی راگەیاندنی كوردی دەكات لە هەموو ئەو پرسانەی پەیوەستن بە كۆمەڵگە.
هێرۆ مەولوودی، لە دەستپێكی قسەكانی دا هێمای بۆ ئەوەكرد” بڕیاری چوونم بۆ رووماڵی بەرەی جەنگ وەك یەكەم ئافرەتی میدیاكار دەمێك بوو لە زهنم هەبوو، ئاشكرایە دەستپێكی هەر كارێك مرۆڤ بیەوێت ئەنجامی بدات قورسە، بەڵام هە ندێ كات دەبێ بڕیار بدەی كە كارێك بكەی بڕیارت بۆ داوە، ئەوكات شەڕی داعش بوو راستە پێشتر چەند خانمە رۆژنامەنووسێك دوای تەواوبوونی شەڕ كە خۆشم یەك لەوان بووم چو بووین بۆ ئامادەكردنی راپۆرت و دیمانە، بەڵام شەڕی راستەوخۆ تەنیا كوڕە پەیامنێرەكان دەچوون و منیش پێشنیارم كرد بچم بۆ شەڕی شنگال، بەڵام داواكارییەكەم بەهۆی مەترسی بۆ بۆ سەر گیانم وەك خانمێك رەتكرایەوە، بۆ شەڕی موسڵ زیاتر پێداگریم كردوو بەڕێوبەرانی ئەوكاتی كوردستان 24 داواكارییەكەیان قبوڵ كردم، زۆر سەخت بوو، دیمەنەكان لە نزیكەوە جیاوازتر دەبن، بەڵام تونیم بیسەلمێنم كچێش دەتوانێ راستەوخۆ بەشداربێت لە شەڕەكان و نەترسێت”.
ئەو خانمە میدیا كارە كە تەمەنێكی زۆری لە بواری راگەیاندن بردووەتە سەر بۆچوونی خۆی لەسەر رۆڵی راگەیاندنی كوردی دەربڕی و ئاماژەی بەوەكرد” راگەیاندن لەم سەردمە قسەی یەكەم دەكات دەبێت زۆر بە هەستیاری بجوڵێتەوە میدیاكار دەبێ زۆر هۆشیارتر بێت لەوەی كۆمەڵگە بیری لێدەكاتەوە، دەبێ كۆمەڵگە بەدوای میدیا بێت و میدیاكار و راگەیاندن بكاتە نموونە بۆ خۆی، بەداخەوە ئەڵێم لێرە زۆر جار میدیا بە دوای كۆمەڵگە دەكەوێ و هەڵەكانیش زەقن، دەبینی لە وەڵامی رەخنەكانت دەلێ: خەڵك ئەوەی دەوێت”.
هێرو مەولوودی، نایشارێتەوە هەندێ مایك بەدەست رۆڵێكی خراپ دەبینن لە بێڕێزی و شكانی هەستی خەڵك وەك خۆی گووتی” هەر ئەو پرسەیە كە میدیاكار دەبێ هەستیارانە بجوڵیتەوە زۆر جار لە گوندێك كەسێك بەشێوازی زۆر كوردەوارییانە دێت و جوانترین دیمانەی كوردی لێ دروست دەبێ، بەڵام تەقلید و لاساییكردنەوەی كوێرانە، وایكردووە بێڕێزی و شكاندنی هەستی خەڵكی لێدەكەوێتەوە، ئەگەر بەرنامەیەك یان كەسێك توانی مەرج نیە هەموو میدیاكاریك بتوانێ، ئەوە پەیوەستە بەلایەنی دەرونی و كۆمەڵایەتی و زانستیەكانی كە زۆر مایك بەدەستان كە سوپاس بۆ خوا كەمیش نیە، لەو پرسانە بێ ئاگان و بۆیان گرینگ نیە، جا دەبێ میدیاكان خۆیان ئاگاداربن و ئاگاداریشن بەڵام گوێی پێنادەن”.
لەدوا پەیڤەكانی دا خانمە میدیاكار هێرۆ مەولوودی، روونی دەكاتەوە لێرە خەڵكانێك گەورە كراون بێ ئەوەی شتێك تواناكانیان بخرێتە ڕوو، زیاتر گووتیشی” زۆرجار دەبینم پەڕو باڵ بە كەسانێك دەدرێ كە نەك هیچیان نەكردووە بەَلكو بوونەتە پەتاو سەر ئێشە بۆ كۆمەڵگە و دەبینین لە پەیجەكان باسكراون، یان خەڵك لە سۆشیال میدیا فۆلۆیان دەكات، دەشپرسێت” كێ گەورەیان دەكات؟ بۆ گەورەیان دەكات؟ خۆشی وەڵام دەداتەوە و دەڵێ” من و تۆ و كەسانی ترین بەداخەوە خودی سوشیاڵ میدیا هیچ كاتێ باسی زیرەكی یان بوێری یان جیاوازێ خانمێك یان پیاوێك ناكەن، بەڵام كاتێ نەشتەرگەرییەك دەكرێ یان مۆبایلێك دەكڕی دەیكاتە سەر دێر، ئەوە هەواڵ نیە بەداخەوە چاوكان و گوێیەكان و دەستەكانیش نەخۆشن، دەبێ تیمار بكرێن دەبێت بزانین كێ ؟چۆن ؟چ خزمەتێكی گەورەی نیشتمانی، كۆمەڵایەتی یا هەر بوارێكی تری كردووە پاشان بیكە سەر دێر و هەواڵ كە لە كوردستان تەنیا شتێك گرینگ نیە ئەوەیە .