م.دلڤین فاضل نبی
قوتابخانەی دواناوەندی دلارای کچان
لەناو ژینگەی خێزانەوە بگرە تا خوێندنگەو كۆلێژ و پەیمانگەكان، ئەركی سەرپەرشتیار ئەوەیە ئایا چۆن بتوانێت نەوەیەكی كارامەو لێهاتوو پڕلە زانست و زانیاری پەروەردە بكات، دیارە قۆناغ بە قۆناغیش بە پێی تێپەڕبوونی تەمەنی كەسەكان و بڕینی قۆناغەكانی خوێندن، شێوازی پێگەیاندن جیاوازی دەبێت، چونكە لەسەرەتاوە منداڵ لەناو سروشتی ماڵەوەی دەست پێدەكات، ئەركە لەلایەن خێزانەكەی وا پەروەردە بكرێت، كە داهاتوو ئایندەیەكی گەشی لێ چاوەڕوان بكرێت، نەك تەنها تێپەڕاندنی كات بێت و بە شێوەی ناتەندرووست منداڵەكەیان پشتگوێ بخەن و لەكۆڵ خۆیان بكەنەوە، بەم شێوەیە ئامادە بكرێت بۆ ناردنی باخچەی منداڵان و قوتابخانە دواتریش بۆ بڕینی قۆناغەكانی دیكەی رێچكە بگرێت، چونكە پەروەردە نەكردنی منداڵ لەناو حێزاندا لە هەر هەنگاوێك كێشەو گرفتێك درووست دەكات، بۆ خێزان و بۆ قوتابخانەو مامۆستایانیش دەبێتە بەڵا، تەنانەت زۆرجار بینیوومانە ئەو جۆرە منداڵانە بیرو هۆشی هاوپۆل و قوتابیانی دیكەشیان تێكداوە، كە هاوشێوەی ئەوان هەڵسوكەوت بكەن.
قوتابخانە گۆڕینی سروشتی منداڵ لە لاسارییەوە بۆ پەروەردەیەكی تەندروست
لەگەڵ ئەوەشدا زۆرجار بینیومانە لەكاتی چوونی منداڵێكی لاسار بۆ ناوەندێكی خوێندن، بەهۆی لێهاتووی سەرپەرشتیارو بەڕێوەبەرو مامۆستایانی، تا ئاستێكی باش توانراوە سرووشتی قوتابییەكە باش بكرێت و بگەڕێنەوە بەرەو ئاستێكی باش و وای لێبكەن كە ئیتر هەست بە بەرپرسیارییەتی بكات و درك بەو هەڵانەشی بكات كە لە ڕابردوودا ئەنجامی داون، ئەو جۆرە ناوەندانەی خوێند چ باخچەی منداڵان بێت، یان قوتابخانە بێت یان پەیمانگە یان كۆلێژ هتد..، كە بەو ئاراستە بنیاتنەرانە كار دەكەن، ئەركە بایەخیان پێبدرێت و شایستەی ئەو پەڕی رێزگرتنن، چونكە دواجار كاریگەر دەبێت لەسەر بەرەو پێشچوونی كۆمەڵگەیەكی تەندروست.
هەڵسوكەوتی مامۆستا لەگەڵ قوتابی
لە هەمووش گرنگتر ئەوەیە كاتێك خێزانێك بە ئەركی پەروەردە كردنی منداڵەكەی هەڵنەستاوە وەك پێویست و بە شێوەیەكی لاساری منداڵەكەیان ناردووەتە خوێندنگە، ئەركە لەسەر مامۆستایان پشوو درێژو لەسەر خۆبن، بۆ ئەوەی بتوانن سروشتی قوتابیەكە بگۆڕن بۆ كەسێكی شیاو و لەسەر ئەوەی ڕابهێنن، كە ئیتر هەست بە بەرپرسیاریەتی بكات و ئەم كردەوانەی پێشووتری گۆڕانكاریان بەسەر دابێت و وردە وردە روو لە باشبوون بكات، نەوەك خودا نەخواستا تێی هەڵبدرێت و زیاتر منداڵەكە بەڕوو ئاراستەیەكی خراپتر هەنگاو بنێت، چونكە هەرگیز خراپە بەرامبەر بە خراپە چارەسەر ناكرێت، بەڵكوو باشترین شت پێدانی دەرفەت و ئامۆژگارییە بۆ منداڵ، چونكە ڕاستە لەوانەیە لەماڵەوە لەلایەن خێزانەكانەوە منداڵەیان پشتگوێ خستبێت و وا پەروەردە نەكرابێت، بەڵام دەبێت لە هۆكارەكەشی بكۆڵدرێتەوە، ئایا ژیان و بژێووی ئەو منداڵە پێشتر چۆن بووە.
لێهاتووی مامۆستایانی خەمخۆرو دڵسۆز بۆ پەروەردەكردنی قوتابی
هەروەك منداڵ كاتێك لەسەرەتاوە روو دەكاتە ناوەندێكی خوێندن، ئەگەر كەسێكی لاساریش بێت، بەڵام لە تەمەنێكی گچكە دائەبێت و ئەگەر بێت و لەو تەمەنە لەلایەن مامۆستایانی وانەیەكی وای پێبوترێت و ترس لەسەری نەبێت، بەدڵنیایەوە گۆڕانكاری بەسەر دادێت و لە ئایندە بە پێچەوانە دەبێتە كەسێكی سەركەوتوو، بەڵگەش ئەوەیە تەنانەت زۆرجار گوێبیستی ئەو كەسانە بووینە كە بڕوانامەی بەرزیان بەدەستهێناوە، وتوویانە لەسەرەتای چوونمان بۆ ناوەندەكانی خوێندن، زۆر عەجول و لاسار بووینە، كەچی قوتابخانەو پەروەردەی مامۆستایان سروشتی ئێمەیان گۆڕیووە، بێگومان ئەوەش لەسایەی لێهاتووی مامۆستایانی خەمخۆرو دڵسۆز بووە، كەواتە هەموو كەسێك قابیلی گۆڕانە تەنها هەوڵ و ماندووبوونی دەوێت.