”بەپێی رۆژمێری وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، پێویستە ئێستا تەماتە هاوردە بکرێت”
بەختیار سەباح-زاری کرمانجی:
بەهۆی کەمبوونەوەی بەرهەمی تەماتە لەناوخۆدا، ئێستا وەزارەتی کشتوکاڵی حکومەتی هەرێم، باجی لەسەر هاوردەکردنی تەماتە لاداوە، بۆ ئەوەی نرخی هەرزان بێت و پێداویستی ناوخۆ پڕبکاتەوە.
کامەران حوسێن مامەند، بەڕێوەبەری گشتیی کشتوکاڵی سۆران، لەمبارەیەوە بە زاری کرمانجی ڕاگەیاند: ” لەم وەرزەدا بەرهەمی تەماتەی خۆماڵی کەمبووە، بە تایبەت بەهۆی هاتنی شەپۆڵێکی سەرما لە ماوەی رابردوودا، کە کاریگەری لەسەر کەمبوونی بەرهەمی تەماتە هەبوو، بەڵام وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێم، سیاسەتی هەناردەکردن و هاوردەکردنی بەروبوومی خۆماڵی هەیە، کە بەپێی ڕۆژمێرێکی کشتوکاڵی کار دەکات”.
گووتیشی ”بەپێی ئەو ڕۆژمێرە کشتوکاڵیە، چ کاتێک بەروبوومی خۆماڵی پێ بگات، باجی لەسەر دادەنێت و هاوردەکردنی قەدەغە دەکات، ئەگەر بەرهەمەکە کەمبووەوەو پێداویستی هاووڵاتییانی پڕ نەکردەوەو نرخەکەی گران بوو، ئەوە رێگە بە هاوردەکردن دەدات و باجی لەسەر هەڵدەگرێت، تەنیا لە حاڵەتی لەناکاو نەبێت، وەک بڵاوبوونەوەی نەخۆشی کشتوکاڵی یان هەر رووداوێکی دیکە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ” لەم وەرزەدا بەرهەمی تەماتە لە کوردستان کەمبووەو نرخەکەشی گران بووە، بۆیە پێویستە لە دەرەوە هاوردە بکرێت و باجی لەسەر هەڵبگیرت، ئەمەش لە بەرژەوەندی هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستانە”.
ئەوەشی روونکردەوە، ئەو سیاسەتەی حکومەتی هەرێم، لە کەرتی کشتوکاڵی پەیڕەوی دەکات، بۆ پاڵپشتی جووتیارانی هەرێمی کوردستانە، دەبێتە هۆکارێک بۆ زیادبوونی بەرهەمی کشتوکاڵی لەناوخۆدا، هەروەها کەرتی کشتوکاڵی زیاتر پێش دەکەوێت، جووتیارانیش بەرهەمەکانیان بەپێی وەرزی پێگەیشتن ساغ دەکەنەوە”.