بەختیار سەباح- زارى کرمانجى:
لەلایەن تیمەکانى بەڕێوەبەرایەتى گشتیى کاروبارى مینى هەولێر، لەسێ ئەرکی جیادا ل لە سنوورى دوو قەزاى ئیدارەى سۆران، ژمارەیەکی زۆر مین و پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی دۆزرانەوەو دواتریش لەناوبران.
راگەیاندنی بەرێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مین/هەولێر بڵاویکردووەتەوە، ”لە هەردوو کێلگەمینی (کارێزان ) لە قەزای چۆمان و (شێخ ستۆک) لە قەزای سیدەکان ژمارەی
٣٤ مین و ١٥ پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی، کە لە ئەنجامی کاری رۆژانەی تیمی مینلابەری دۆزرابوونەوە، لەلایەن تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی نەتەقاوە لەناوبران”.
ئاماژەى بەوەشکردووە، ” جگە لەوەش لە گوندی روستى ناحیەى سمیلان ٣ پاشماوەی تەقەمەنی جەنگی و هەروەها لە گوندی سپیندارەی ناحیەی شێروان مەزن ٢ مینى دژەکەسى پوچەلکرانەوەو چارەسەرکران”.
بەهۆى شەڕى هەشت ساڵەى عێراق و ئێران، لە سنوورى ئیدارەى سۆران، رووبەرێکى زۆرى زەوى ەو ناوچەیە بە مین داچێندراوەو پاشماوەى تەقەمەنى جەنگى لێیە، بەو هۆیەوە ساڵانە چەندین هاووڵاتى دەبنە قوربانى.