مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
وەزارەتی پەروەردەی فەلەستین لە ئامارێكدا كوژرانی زیاتر لە 11 هەزار قوتابی و نزیكەی 600 مامۆستای لە شەڕی نێوان حەماس و ئیسرائیل، لە كەرتی غەززە ڕاگەیاند.
لە ئامارەكەی وەزارەتی پەروەردەی فەلەستین هاتووە “لە دەستپێكی شەڕی غەززە، لە 7ـى تشرینی یەكەمی 2023، تا ئێستا، یازدە هەزار و 923 قوتابی و 561 مامۆستا و كارمەندی پەروەردە، بە هۆی هێرش و بۆردوومانەكانی ئیسرائیل گیانیان لەدەستداوە و 148 مامۆستاش دەستگیر كراون، هەروەها 19 هەزار قوتابیش بریندار بوون.”
وەزارەتی پەروەردەی فەلەستین باس لەوەش دەكات كە لەو ماوەیەدا 341 قوتابخانە و زانكۆ بە هۆی بۆردوومانەوە وێرانبوونە.