زاری كرمانجی-سۆران
ڕاگەیاندنی ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، بڵاوی كردەوە: ” هەڵگۆرد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، لە هۆڵی ئیدارەی سۆران لەگەڵ کۆمپانیا و بەڵێندەر و ئەندازیارانی سەرپەرشتیاری پڕۆژەکانی سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران کۆبووەوە.
مەبەستی کۆبوونەوەکە پێداچوونەوە و بەدواداچوون بوو بۆ کێشە و گرفتەکانی بەردەم ئەو پڕۆژانەی کەوا ئێستا کاریان تێدا دەکرێت، بۆ ئەوەی هەر پڕۆژەیەک بە سستی کاری لەسەر دەکرێت خێرا بکرێت و بەڵێندەرەکان کەموکوڕییەکان چارەسەر بکەن.
سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران لە کۆبوونەوەکەدا جەختی لەوە کردەوە، کە دەبێت جێبەجێکردنی هەموو پڕۆژە و دروستکردنی شەقامەکان بە کوالێتییەکی باش و ستانداردی جیهانیی بێت، هەروەها لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا پڕۆژەکان تەواو بکرێن و سستی لە پڕۆژەکان بەدی نەکرێت بۆ ئەوەی بە زووترین کات بکەونە خزمەتی خەڵکی ئیدارەی سۆران.
هەروەها سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران ڕاشیگەیاند کەوا پڕۆژەکان ناوەستن و بەردەوام دەبن، کاتیش بۆ هیچ بەڵێندەرێک درێژناکرێتەوە و پێویستە پڕۆژەکان لەکاتی خۆیان ئەنجام بدرێن.