ڕۆژنامەنووسێكی نزیك لە دەسەڵات: تەواوی شارەوانییەكانی (دەم پارتی) قەیوومی بۆ دادەنرێت
مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
دوای ئەوەی وەزارەتی ناوخۆی توركیا بڕیاری دوورخستنەوەی سەرۆكی شارەوانییەكانی مێردین، باتمان و خەلفەتی دا و لە جێگایاندا قەیومی دانا.
ڕۆژنامەیەكی توركی لە لاپەڕەی یەكەمی خۆیدا بە تەنزەوە نووسیویەتی “وازمان لە برسێتی و هەژاریی هێناوە، خەریكی قەیوومین.”
ڕۆژنامەی یەنیچاغی توركی ڕاپۆرتێكی لەسەر زیادبوونی باجەكانی ناوخۆی توركیا بڵاو كردووەتەوە و نووسیویەتی”بەپێی داتاكانی (دەزگای ئامار و ڕاپرسی توركیا) لە سەری ساڵی نوێوە، باجی هاتووچۆ، سزاكان، چاودێری ئۆتۆمبێل گومرگی ئۆتۆمبێل، مافی پەڕینەوە بە ڕێگاوبان و پردەكان، بەڕێژەی 43.9% زیاد دەكات.”
دەشڵێت “كەچی حكومەتی توركیا، بۆ ئەوەی ئاراستەی ڕەخنە و گلەیی هاووڵاتییان لەسەر جۆری سزاكان و برسییەتی بگۆڕێت، دەستی كردووە بە دانانی قەیووم، كە ئەمەش گۆڕینی ڕۆژەڤە و هیچی دیكە، نرخی نوێی خانوو، كرێی نوێ دیاریكراوە و بەمەش بە ڕەچاوكردنی لەگەڵ نرخی پێشوویدا بە ڕێژەی 12.1% هەڵاوسان لەو كەرتەدا هەیە.”
ڕۆژنامەنووسێكی نزیك لە حكومەتی توركیا ڕاگەیاند، دانانی قەیووم لە جێی سێ شارەوانەكەی دەم پارتی، لەوانەیە دەستپێكێك بێت و بە ئەگەرێكی زۆرەوە پرۆسەكە لە شارەوانییەكانی دیكەش بەردەوام دەبێت.
هاوكات عەبدولقادر سەلڤی ڕۆژنامەنووسی دیار و نزیك لە حكومەت، لادانی سێ سەرۆك شارەوانییەكەی (دەم پارتی) بە دەستپێكی لادانی تەواوی سەرۆك شارەوانییەكانی ئەو پارتە كوردییە دەزانێت و دەڵێ “لەوانەیە لە داهاتوو هەموو بەیانییەك گوێبیستی دانانی قەیووم بن.”
باس لەوەش دەكات هەفتەی داهاتوو بۆ توركیا تەواو جیاواز دەبێت و هێدی هێدی هاوسەنگیی سیاسەت لەم وڵاتە دەگۆڕێت .