محەممەد مەحموود-سۆران :
ڕۆژی یەکشەممە، ۳ـی تشرینی دووەمی ٢٠٢٤، وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەڤانیدا، ئەنجامی زانکۆلاینی ڕاگەیاند. کە ٥۳۰۷۹ دەرچووی ئامادەییەکان، لە زانکۆ حکومییەکان وەرگیراون.
زانکۆی سۆران، کە لە پێنج فاکەڵتی و ۲۷ بەشی زانستی پێکدێت، بۆ ساڵی خوێندنی ۲۰۲٤-۲۰۲٥، بۆ هەرسێک سیستەمی زانکۆلاین و پاڕالێل و ئێواران، دووهەزار و ۲۰۳ قوتابی وەرگرتووە. بۆ پێشوازیکردن و ڕایکردنی مامەڵەی قوتابیانی تازەوەرگیراویش، زانکۆی سۆران ئامادەکاری تەواوی کردووە. بۆ ئەم مەبەستەش، لە باڵەخانەی فاکەڵتیی زانست، نهۆمی یەکەم، لێژنەی پێشوازی دانراوە، کە پێشوازی لە قوتابیان دەکات بۆ ڕایکرنی کارەکانیان و خۆتۆمارکردنیان لە زانکۆی سۆران.
جێی ئاماژەپێدانە، بەشی عەرەبی لە فاکەڵتیی پەروەردە و بەشی پەرستاری لە فاکەڵتیی زانست، بۆ ساڵی خوێندنی ۲۰۲٤-۲۰۲٥، لە زانکۆی سۆران، کرانەوە و خرانە خزمەت پڕۆسەی خوێندن و بۆ یەکەمجارە قوتابیان تێدا وەردەگرێت.
تێبینی :
قوتابی تازەوەرگیراو دوای خۆتۆمارکردنی لە زانکۆی سۆران، دەتوانێت گۆڕینی شوێن لە زانکۆی سۆران بۆ زانکۆ و پەیمانگاکان ئەنجامبدات.