مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
تەندروستی گشتی فەرەنسا هۆشدارییەكی بەپەلەی بڵاو كردەوە و داوا لە هاووڵاتییانی دەكات بە زوویی دەست لە كڕین و خواردنی ماسی قوتووی تون هەڵبگرن.
هەردوو ڕێكخراوی (بلوم) ی ناحكومی و (فوود وۆچ) كە بنكەكانیان لە پاریسە، لە ڕاپۆرتێكدا ئاشكرای دەكەن كە ماسی قوتووی تونە لە ئەورووپا، ڕێژەیەكی زۆر جیوەی تێدایە.
دوای ئەوەی ئەو دوو ڕێكخراوە لە هەر یەكێك لە وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیا و ئیسپانیا و ئیتاڵیا و بەریتانیا بەدواداچوونیان بۆ جۆری ئەو ماسییە كرد، بۆیان دەركەوت سەرجەم بەرهەمەكان ڕێژەیەكی بەرزی جیوەیان تێدایە.
كارین جاكیمارت بەڕێوەبەری ڕێكخراوی فوود وۆچ لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانی دا ڕاگەیاند “ماسی قوتووی تونەیە، ئەو خواردنەی ڕۆژانە بە كاری دەهێنین و پێمان وایە سوودبەخشە، لە ڕاستی دا وانییە و زۆر بێ ئاگاین لەوەی كە چ زیانێك بەسەر جەستەمان بەجێ دەهێڵێت،”
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕێكخراوی تەندروستیی جیهانی، هەبوونی ڕێژەی زۆری جیوە لە خۆراكدا مرۆڤ تووشی شێرپەنجە دەكات و هەروەها مەترسی لەسەر كۆئەندامی دەمار دروست دەكات.
بۆیە هەردوو ڕێكخراوی ناوبراو لە ڕاپۆرتەكەیاندا داوا لە فرۆشیاران و حكومەتی وڵاتە ئەورووپییەكان دەكەن ڕێوشوێنی بەپەلە بگرنە بەر بۆ دابەزاندنی ئاستی جیوەی نێو ماسی قوتووەكە .