بەپێی هەواڵێك كە لە كەنالەكانی راگەیاندن و سۆشیاڵمێدیا بڵاو بۆتەوە وەزارەتی دیارە لە بەرژەوەندی هێزەكانی پێشمەرگە بۆ هەژمار كردنی خزمەت و خانەنشینی بڕیارێكی داوە .
بەپێی نووسراوێكی وەزارەتی دارایی هەرێمی كوردستان، كە 23ی10ی2024 دەرچووە، وەزارەتی دارایی سەرجەم وەزارەت و فەرمانگەكان لەبارەی چۆنیەتیی هەژماركردنی خزمەتی پێشمەرگایەتی ئاگادار كردووەتەوە.
لەو نووسراوەدا، كە گشتاندنی دارایی ژمارە 6ی ساڵی 2024ە، هاتووە: “هەژماركردنی راژە و خزمەتی پێشمەرگایەتی بۆ ماوەی نێوان ساڵی 1970 بۆ 1974، بەپێی رێنوێنییە بەركارەكان هەژمار دەكرێت، واتا خزمەتی پێشمەرگایەتی لە ماوەی 11ی9ی 1960 بۆ 21ی 3ی 1992 هەژمار دەكرێت.”
وەزارەتی دارایی ئەوەشی خستووەتە ڕوو، خاڵی 5 لە گشتاندنی ژمارە 23ی ساڵی 2004 لا دەبردرێت.
بەپێی زانیارییەکان، ئەو خاڵەی گشتاندنی ساڵی 2004، رێگریی دەكرد لە هەژمارکردنی ئەو خزمەتە.
وەزارەتی دارایی جەختی كردووەتەوە، بڕیارەكانی ئەو نووسراوە لە 9ی10ی2024وە جێبەجێ دەكرێن.
سەرچاوەیەك لە فەرمانگەی كارگێڕی و دارایی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان، بە میدیای پارتی ڕاگەیاندبوو: “ئەو خزمەتانەی بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران و ڕێنمایی دارایی ڕێگەپێدراون، بۆ فەرمانبەران ئەژمار دەكرێن، بەڵام بۆ هەر خزمەتێك مەرجی تایبەت هەیە و دەبێت ئەو مەرجانە هەبن، تا خزمەتەكە ئەژمار بكرێت”.
هەموو ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی بە بڕیاری سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران ڕاژەیان بۆ هەژمار دەكرێت، لە لایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی لێبڕینی خانەنشینییان لێ وەردەگیرێت و ڕاژەکانیان پەسەند دەکرێت، كە خزمەتەكە بۆ خزمەتی وەزیفی و خانەنشینی سوودی لێ وەردەگیرێت.