مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، لە دوو ڕاپۆرتی جیا ئاماری مانگی ڕابردووی قوربانیانی سێدارە و كۆڵبەرانی بڵاو كردەوە.
لە ئامارەكەی هەنگاو هاتووە، كۆماری ئیسلامی ئێران لە مانگی تشرینی یەكەم 161 بەندكراوی بە تۆمەتی سیاسی و كوشتنی بە ئەنقەست و ماددە هۆشبەرەكان و ناپاكی بەرامبەر نیشتمان و دزی چەكداری و دەستدرێژی سێكسی لەسێدارەداوە، كە 22 بەندكراویان كورد و 21 یان تورك و 15 دیكە بەلووچ و 12 بەندكراوی تریان لۆڕ و هەروەها 5 یان عەرەب و 3 گیلەك و 2 توركمان و 9 بەندكراوی تریش ئەفغانین. لە نێو قوربانییانیش منداڵێك و 5 ئافرەت هەن .
بەراورد بە مانگی پێشووتر ئاماری لە سێدارەدان لە 78 حاڵەتەوە بەرز بووەتەوە بۆ 161.
هاوكات لە ڕاپۆرتێكی تردا، ڕێكخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو، ئاماری قوربانیانی مانگی ڕابردووی كۆڵبەرانی خستە ڕوو، لە ڕاپۆرتەكەدا هاتووە “لە ماوەی مانگی تشرینی یەكەمی 2024، لانی كەم ٦ كۆڵبەر لە سنوورەكانی كوردستان كوژراون و یان بریندار كراون كە ٦٧٪ی سەرجەم ئەو حاڵەتانە بە تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە چەكدارەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێران بوونەتە قوربانی.”
بەپێی ڕاپۆرتەكە ٣ كۆڵبەر بە هۆی تەقەی ڕاستەوخۆی هێزە سنوور پارێزەكانی ئێران كوژراون و ٣ ی دیكەش بریندار كراون.