محەممەد مەحموود- سۆران :
چەند رۆژێکە لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران دەستکراوە بە دابەشکردنی نەوتی قوتابخانەکان، سەرەتاش لەو قوتابخانانە دابەشکراوە کەوا شوێنەکەیان ناوچەی شاخاوی و ساردە.
ئەحمەد حەمەدەمین، بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند” چەند رۆژێکە دەستکراوە بە دابەشکردنی نەوتی قوتابخانەکان تا ئێستاش پڕۆسەکە بەردەوامەو لە هیچ پەروەردەیەک دابەشکردنی نەوت تەواو نەبووەو چەند رۆژێک دەخایەنێت”.
بەرپرسی راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی سۆران، ئاماژەی بەوەشدا ” سەرەتا لە ناوچەشاخەوییەکان دەستمان بەدابەشکردنی نەوت کرد، رۆژانە بەردەوام لیژنەیەکی تایبەتمەند سەر پەرشتی کارەکانی دابەشکردنی نەوتی قوتابخانەکان دەکات و تەواوی قوتابخانەکان بڕە نەوتی پێویستی خۆیان وەردەگرن.
پێدانی نەوت بە قوتابخانەکان بە پێی ژمارەی هۆبەکانی خوێندنە، ساڵانی پێشتر بە دوو بەش نەوت بەسەر قوتابخانەکان دابەش دەکرا بە پێی ساردی وەرزو بڕانی نەوتی قوتابخانەکان.