سەلیم میراودەلی
مەترسی مادەی هۆشبەر بە یەكێك لە گەورەترین كۆسپ دادەنرێت لە هەر دەوڵەتێك و نەتەوەیەكدا پێی دەڵێن مەرگی ترسناكی لاوان، بەداخەوە كوردستانی باشور بەهۆی ئەو سنورە بەرفراوانەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی كە بەرهەم هێنەر و ئاڵودەبوون پێیانەوە، لەو دیاردە كوشندەیە بێ بەش نەبووە، ئاماری مەترسیدار ڕادەگەیەنرێت كە ساڵانە بەداخەوە ڕووی لە زیادبوون دەكات.
ڕێگە چارەی گونجا
یەكەم : ئەركی دەوڵەتە بەوردی چاودێری سنوورەكان بكات و لێپرسینەوەی توند لەگەڵ ئەو كەسانە بكات كە دەبنە ڕێپیشاندەری ئەو مافیانە جا لەهەر پۆست و پایەكی حكوومی و حیزبی و عەشایری دابن چونكە ئەوە دەبێتە هۆی تێكدانی ئاسایشی نیشتیمانەكەمان و بێ ئومێدی و مەرگ هێنەری لاوەكانمان.
دووەم : دەبێت ڕێكخراوە مەدەنییەكان و جەماوەریەكان و مامۆستایانی ئاینی زیاتر تیشك بخەنە سەر لایەنی نێگەتیڤی ئەو دیاردە ترسناكە لە ڕێگای كۆڕ و كۆبونەوە و سیمینار و نامیلكە و بەرنامەی تۆكمە لە TV و كەسانی شارەزا لەو بوارەدا زیاتر خزمەت بكەن بە ئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوەی بزانن لە وشیاركردنەوەی گەنجان و لاوان.
سێیەم: ئەوانەی بەداخەوە بەهەر هۆكارێكەوەبێت ئاڵودەبوون لەڕێگای تەندروستی و وشیاربوونەوە لە نزیكترین كاتدا چارەسەری گونجاویان بۆ بكرێت و لەو شوێنانەی كە گومانی بوونی لێدەكرێت بنكەی وشیاركردنەوە و تەندروستی لەو بوارەدا بكرێتەوە كەسانی نیزیكی ئەو كەسانە ئاگادار بكرێنەوە، كە چارەسەری گونجاو بۆ ئەوانە دابین كراوە.
چوارەم : هۆكارەكانی ئەو دیاردەیە بەزۆری لە بێ ئیشی و بێ كاری لاواندا سەرهەڵدەدات كە ناتوانن ئارەزوەكانیان بە ڕێگایەكی شیاو دابین بكەن لای ئەوان هەموو دەرگایەك داخراوە ئەوە دەبێتە هۆكاری سەرەكی خۆلەبیركردن و نزیكبوونەوە لەو كەسانەی كە لەو دیاردەیە نزیكن.
پێنجەم : دەبێت حكومەتی هەرێم و سەرمایەدارە وڵات پارێزەكان پێكەوە هەماهەنگ بن بۆ زیاتر ڕەخساندنی هەلی كار بەگشتی و لاوان بە تایبەتی.
لەكۆتایدا دەبێت زیاتر كار بكەین نەك قسە و كات بەفیڕۆدان لەو دیاردە مەترسی و ترسناكەدا بێ دەنگ نەبین .