مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
عەلی چەڤەن، دوای ئەوەی لە دیمانەیەكی تەلەڤزیۆنی دا گووتی (من تورك نیم)، بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانی توركیا بە بیانووی پڕوپاگەندەكردن بۆ ڕێكخراوێكی چەكداری لە ناو ماڵەكەی لە ئیستەنبوڵ دەستگیر كرا.
قسەكانی ئەو گەنجە كوردە، بە خێرایی لە نێو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاو بووە و كوردانی باكووری كوردستان بە بەشداری پێكردنی گرتە ڤیدیۆكە، پشتگیریی خۆیان بۆ قسەكانی دەربڕی و توركەكانیش قسەكانی ئەویان بە جوداخوازی و هەڕەشەیەك بۆ سەر ئاسایشی نەتەوەیییان لێكدایەوە.
عەلی لەو دیمانەیەدا بۆچوونی خۆی لەسەر پرسی كورد لە توركیا خستە ڕوو، كاتێك پەیامنێری كەناڵەكە پرسیاری لێ دەكات كورد چی دەوێت ؟ ئەویش لە وەڵامدا دەڵێ “من تورك نیم. ئەم وڵاتە نوێنەرایەتی من ناكات. ناو و ئاڵای توركیا ڕەگەزپەرستە و وەك كورد نوێنەرایەتی من ناكەن. هەموو شتێك لەم وڵاتەدا لە دەوری تورك دەسووڕێتەوە و ئەوان هەموو شتێك بەسەرماندا دەسەپێنن كە پێ دەگوترێت توركی، بۆیە ئەگەر دەتەوێت هەست بە باشی بكەم، ئاڵای توركیا بگۆڕە و ناوی توركییە بگۆڕە بۆ ئانادۆڵ.”
سوفی ئۆزگن، پارێزەری چەڤن لە ئەكاونتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی X نووسیویەتی، چەڤن لە كاتی دەستبەسەركردندا لێی دراوە و زۆر بە خراپی مامەڵەیان لەگەڵ كردووە.