مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
بەپێی سەرچاوە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل، ئێران لە نێو خاكی عێراقەوە ئامادەكاری دەكات بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل.
پێگەی (ئاكسیۆس) ی ئەمەریكی لەسەر زاری سەرچاوە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیلەوە بڵاوی كردووەتەوە “ئێران لە چەند ناوچەیەكی عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل،”
سەرچاوە هەواڵگرییەكانی ئیسرائیل ئاشكراشی دەكەن كە ئێران هێرشەكەی لە ڕێگەی گرووپە چەكدارەكانی عێراقەوە كە نزیكن لە خۆی و بە بەكارهێنانی ژمارەیەكی زۆر لە فڕۆكەی بێفڕۆكەوان و مووشەكی بالیستیك ئەنجام دەدات.
باس لەوەش دەكەن ئامانجی تاران لەو كارەدا خۆدوورگرتنە لە هێرشێكی دیكەی ئیسرائیل بۆ سەر ئامانجە ستراتیژییەكانی.
هاوكات ڕۆبەرت فۆرد، باڵیۆزی پێشووی ئەمریكا لە سووریا ڕایگەیاند “ئیسرائیل پەیامێكی هۆشداری توندی بە حكومەتی عێراق و گرووپە چەكدارەكانی نزیك لە ئێران داوە، ئەگەر هێرش بكاتە سەری، بە خراپی لێی دەدات.”