وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا( پنتاگۆن) لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە کە لە مانگی داهاتوودا هێزە نوێیەکە بە چەک و کەرەستەی سەربازیی پێشکەوتووەوە دەنێرنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئەرکیان بەرگریکردنە لە سوپای ئیسرائیل.
هەر بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، توانا سەربازییە نوێیەکانی ئەمریکا کە بڕیارە بینێرێت بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بریتی دەبێت لە مووشەکی بالیستیکی، فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی جۆری بی ٥٢.
لوید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکاوتی” ئەگەر ئێران یان هاوپەیمان و گروپەکانی نزیکی، ئەو دۆخەی ئێستا هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بقۆزنەوە بۆ بەئامانجگرتنی کەس و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە، ئەوا وڵاتەکەیان هەموو رێوشوێنێکی پێویست بۆ بەرگریی لەخۆکردن دەگرێتەبەر”.
لە دوا گورزی سەربازی ئیسرائیلدا بۆ سەر ئێران کە هەفتەی رابردوو ئەنجام درا، بەپێی راپۆرتی میدیاکانی جیهان ئەمەریکا فشاری خستۆتە سەر ئیسرائیل هێرش نەکاتە سەر عێراق، بەرامبەر ئەوە رێگای بە ئیسرائیل دا بە ئاسمانی عێراقدا تێبپەڕێت بۆ ئەنجامدانی هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ئێران.