ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند، هەڵمەتی گەڕاندنەوەی منداڵان بۆ قوتابخانە و بەردەوام بوون لە خوێندن بەردەوامە.
وەزیری پەروەردە گوتیشی: هەڵمەتی گەڕاندنەوە بۆ بەرخوێندن لە هەرێمی کوردستان بەردەوامە، ئەم ساڵ پرۆسەکە بە هاوکاریی و هەماهەنگی ڕێکخراوەکان بە تایبەتی ڕێکخراوی یونیسێف دەستی پێکردووە و لە ماوەی ڕابردوودا 26 هەزار 385 منداڵمان گەڕاندووتەوە بەرخوێندن.
هەروەها ئاماژەیدا، ئەم پرۆسەیە گرنگییەکی ستراتیجی هەیە و بەردەوام دەبێت، بۆ ئەوەی نەهێڵین هیچ منداڵێک کە تەمەنی شیاوی خوێندن لە دەرەوەی ناوەندەکانی خوێندن بێت و لە خوێندن داببڕێت.
چوارشەممە، 25ی ئەیلوولی 2024، زەنگی دەستپێکردنی ساڵی نوێی خوێندنی 2024-2025 لە قوتابخانە حکوومەتی و ناحکوومەتییەکانی هەرێمی کوردستان بە بەشداریی زیاتر لە یەک ملیۆن و 800 هەزار قوتابیی لێدرا، کە زیاتر لە یەک ملیۆن و 720 هەزار قوتابیی قوتابخانە حکوومییەکان و زیاتر لە 132 هەزار قوتابیی قوتابخانە ناحکوومییەکانن.