ن/ د. ئەكرەم ئێدلبی
دكتۆرا لە سیستەمە سیاسییەكان و گەشەپێدانی سیاسی
هەر لە مێژووی دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە لە ساڵی ١٩٢٣ بە درێژایی زیاتر لە ٧٠ ساڵ، ئەنکەرە سیاسەتی ئینکار و توانەوەی نەتەوەی کوردی (Assimilation) لە ناسیونالیستی تورکیدا گرتە بەر، لەم ماوەیەدا قسەکردن و نووسین و بڵاوکردنەوە بە زمانی کوردی بەپێی یاسای دژە تیرۆری تورکیا قەدەغە کرابوو، لە کاتێکدا کورد نزیکەی ٢٥٪ دانیشتوانی تورکیا پێکدێنیت نکۆڵی لە بوونی کورد دەکرا و بە تورکی شاخ نادەهێنران.
دەستووری ساڵی ١٩٨٢ی تورکیا کە دەستوورێکی سەربازییە و لەلایەن کۆدەتاچییەکان لەسەر بنەمای سەروەریی یاسا Rule of Law بنیات نەنراوە بەڵکوو لەسەر بنچینەی وڵاتی قانوون country of laws دامەزراوە کە رەگەکەی دەچێتەوەسەر تیۆری فاشیزم و بە بەربەستی سەرەکیی لەبەردەم داننان بە مافەکانی کورد و ئاشتی نێوخۆیی و دیموکراتیزەکردنی وڵاتی تورکیا دادەنرێت.
لە مێژووی تورکیادا بۆ یەکەمین جار لە ساڵی ١٩٩٢ تورگوت ئوزال، سەرکۆماری ئەوکاتی تورکیا دانی بە رەوایی پرسی کورد لە تورکیادا نا و جەختی کردەوە کە دەبێت کێشەی کورد بە رێگای ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، بەڵام بە مردنی ئوزال هەڵوێستە ئاشتیخوازانەکەشی فەرامۆش کرا.
دوای هاتنە سەرکاری حزبی داد و گەشەپێدان بە سەرۆکایەتیی ئەردۆغان لە ساڵی ٢٠٠٢ شەپۆڵی یەکەمی چاکسازیی دیموکراسی و چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد بە رژدی دەستی پێکرد، دانوستانی ئاشتی هاتنە ئاراوە و پرۆسەی ئاشتی بە دروشمی کرانەوەی دیموکراسی (Democratic Opening) دەستی پێکرد، ئەوەش بە مەبەستی چارەسەری ئاشتییانەی کێشەی کورد و کۆتاییهێنان بە شەڕی ٤٠ ساڵی نێوان دەوڵەتی تورکیا و چەکدارانی پەکەکە کە نزیکەی 50 هەزار کوژراوی لێ کەوتووەتەوە.
ئیدی قۆناغی چارەسەری دیموکراسی و مەدەنی هاتە ئاراوە و پرسی کورد لە تورکیا لە پرسێکی ئەمنییەوە (Securitization) گۆڕا بۆ پرسێکی نائەمنی (De securitization) کە دەبێت بە رێگای ئاشتییانە چارەسەر بکرێت، وەزیرێکی تایبەتیش بۆ ئەم دۆسیە دامەزرێندرا بە ناونیشانی Kurdish Opening And Security کە لە ئاستی جێگری سەرۆکوەزیران بوو بۆ پرسی کورد، هەروەها پاکێجێکی چاکسازی Democratization Package لە پەرلەمانی تورکیا ئامادە کرا کە کۆمەڵێک میکانزمی ئاشتییانە و دیموکراسییانەی لەخۆ گرتبوو بۆ چارەسەری کێشەی کورد.
لە دەرەنجامی ئەم هەنگاوانە، قسەکردن و نووسین و فێربوونی زمانی کوردی ئازاد کرا و بەشی زمانی کوردی لە چەند زانکۆیەکی تورکیا کرایەوە، کەناڵی تەلەڤزیونیی کوردی دامەزێندرا و پروپاگەندەی هەڵبژاردن بە زمانی کوردی رێگەی پێ درا. لە هەنگاوێکی تری چاکسازیدا لە ۱۲/۹/۲٠۱٠ لە راپرسیدا ۲٦ ماددەی دەستوری تورکیا هەموار کرانەوە و گۆڕانکاریی گەورە لە دادگای دەستووری و سوپای تورکیا هاتنە ئاراوە و لە ئەنجامدا پارادایمی چۆنیەتیی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی کورد لە تورکیا لە پرسێکی ئەمنیەوە کە دەبوو بە رێگای سەربازی سەرکوت بکرێت، گۆڕا بۆ پرسێکی سیاسی کە دەبێت بە رێگای دانوستان و بە ئەمرازی ئاشتییانە و دیموکراتی چارەسەر بکرێت.
بەم هەنگاوانە تورکیا بوو بە مۆدێلێکی سەرکەوتووی چاکسازیی دیموکراسی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، کە پێشتر تەنیا دیموکراسیی هەڵبژاردن بوو لە هەلومەرجێکی نادادپەروەرانەدا و تورکیا لە وڵاتی قانوون country of laws گۆڕا بۆ Trading State دەوڵەتی بازرگانی. لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوەی تورکیا بە گەرمی پێشوازی لە پرۆسەی چاکسازیی دیموکراسی کرا، لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان (واشنتن – ئەنکەرە – هەولێر) بۆ ئەم مەبەستە هاتە ئاراوە و یەکێتیی ئەورووپاش EU Accession Process پێشوازیی لەم هەنگاوە کرد.
لە چوارچێوەی ئەم هەوڵانەدا، بە سەردانی سەرۆک مەسعود بارزانی لە ساڵی ۲٠۱۲ بۆ تورکیا پرۆسەی ئاشتی گەیشتە لوتکەی چارسەری کە بە ئاڵای کوردستان پێشوازییان لێ کرا و ئەردۆغان لە گوتارەکەیدا بۆ یەکەم جار ناوی (کوردستان)ی هێنا، لەم سەردەمەدا پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و تورکیا گەیشتە بەرزترین ئاست و، ئاستی ئاڵوگۆڕی ساڵانەی بازرگانی نێوان هەرێم و تورکیا گەیشتە ١٤ ملیارد دۆلار.
بەمەیش پرۆسەی کرانەوەی دیموکراسی لەسەر ئاستی ناوخۆیی و دەرەکی پێگەیەکی بەهێزی بە تورکیا بەخشی و توکیا ببووە کاراکتەرێکی بەهێزی هەرێمی و نێودەوڵەتی، هەروەها پرۆسەی کرانەوەی دیموکراسی، ئەردۆغانی کردە بەهێزترین کەسایەتیی سیاسی لە مێژووی سیاسیی نوێی تورکیا لە دوای ئەتاتورک کە بە باوکی دامەزرێنەری تورکیا دادەنرێت، ئابووریی تورکیاش بووژانەوە و گەشەسەندنێکی خێرای بەخۆوە بینی و گەیشتە ١١%، بەهای لیرەی تورکیا خۆیدا بەرزترین نرخی تۆمار کرد و کەرتەکانی پەروەردە و تەندروستی گەیشتنە ئاستی پێشکەوتنی ستانداری جیهانی و پێگە و پرستیژی تورکیا لە هەموو روویەکانەوە لەسەر ئاستی نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتی بەهێز بوو.
سەرکردەکانی ئاکەپە بە گەشبینی و ئۆمێدی گەورە لە پرۆسەکە دەڕوانن و جەخت لە بەردەوامیدان بە کرانەوەی دیموکراسی و چارەسەری کێشەی کورد بە رێگای هەموارکردن و گۆڕینی دەستوور دەکەنەوە و بە درێژەدان بە شۆڕشی خامۆشی چاکسازی (Continuation of the Silent Revolution) ناودێر دەکەن.
لە ساڵی ٢٠١٤ چەند پێشهاتێکی نەخوازراوی نێوخۆیی و هەرێمی، بوونە بەربەست لەبەردەم پرۆسەی ئاشتی، لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥ پەرلەمانی تورکیا پارتی داد و گەشپێدان نەیتوانی لە خولی یەکەم زۆرینەی دەنگەکان بۆ پێکهێنانی حکوومەت مسوگەر بکات، بەمەش دەرفەتێکی مێژوویی بۆ لایەنی کوردی رەخسا کە بۆ جاری یەکەم لە مێژووی دامەزراندنی کۆماری تورکیا توانیبووی ٨١ کورسی بەدەست بهێنێت، بۆ ئەوەی هاوپەیمانی لەگەڵ حزبی دەسەڵات بکات بۆ پێکهێنانی حکوومەت، بەڵام پارتی دیموکراتی گەلان بە فشاری پەکەکە ئامادە نەبوو هاوپەیمانی لەگەڵ پارتی داد و گەشەپێدان بۆ پێکهێنانی هاوپەیمانی حکوومەت پێکبهێنێت کە هەڵەیەکی ستراتیژیی پەکەکە بوو کە زنجیرەیەک رووداوی سەربازی و سیاسیی بەدوای خۆیدا هێنا و پرۆسەی ئاشتی بە فەرمی لەلایەن ئەردۆگان و پەکەکە راگیرا.
رووداوەکانی دواتریش: کودەتا ناکامەکەی گەزی پارک لە ساڵی ٢٠١٦، دەستگیركردنی سیاسەتمەدار و رۆژنامەنووسان، سەرهەڵدانی داعش و پەرەسەندنەکانی رۆژئاوای کوردستان و دەستبەرداربوونی ئەردۆگان لە هەوڵەکانی تورکیا بۆ ئەندامبوون لە یەکێتیی ئەورووپا کێشەکانی قووڵتر کردەوە و تورکیا چووە ناو گەڕێکی دیکەی شەڕ و نائارامیی بێ ئەنجام، کە لە دەرەنجامدا تورکیا لەڕووی پەیوەندییە نێودەوڵەتیەکان بەرەو گۆشەگیری و پەراوێزخستن برد و قەیرانی دارایی و سیاسیی قووڵی لێ کەوتەوە.
ئێستا لیرەی تورکی نزمترین نرخی لە مێژووی کۆماری تورکیا تۆمار کردووە و رێژەی هەڵاوسانی ئابووری گەیشتە ٨٠% کە دواجار شکستی پارتی داد و گەشەپێدان لە هەڵبژاردنی شارەوانییەكانی ٣١ی مارسی ٢٠٢٤ لێ کەوتەوە، ئێستا و ئەمجارە، ئەردۆگان پرۆسەی ”كرانەوەی سیاسی“ی راگەیاندووە کە ئامانجی ستراتیژەکەی رێککەوتنە لەگەڵ لایەنە سیاسییەكان و ئۆپۆزسیۆن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانەكانی توركیا، بەتایبەت قەیرانی دارایی و ئابووری، هەروەها دروستکردنی کۆدەنگییەکە بۆ گۆڕین و هەموارکردنەوەی دەستوور و ئامادەكردنی دەستوورێكی دیموکراسی کە ئێستا ستراتیژیەکە جێبەجێ دەکرێت و گەڕێکی دیکەی پرۆسەی چاکسازیی دیموکراسی دەستی پێکردووەتەوە. بۆ هەڵسەنگاندنی وردتری پرۆسەی کرانەوەی دیموکراسی، پێویستە تیشک بخەینە سەر سیاسەتەکانی جەهەپەش کە لە دوایین هەڵبژاردنەکانی تورکیا زۆرینەی دەنگەکانی بەدەست هێناوە.
ئۆزەل و پرۆسەی ئاساییبوونەوە (Normalleşme)
دوای ئەوەی کەمال کلیچدار ئۆغلۆ لە هەڵبژاردنەکانی ٢٠٢٣ی سەرۆکایەتیی تورکیا نەیتوانی بەسەر ئەردۆغان سەر بکەوێت، کۆنگرەی حزبەکەی لە دیسەمبەری ٢٠٢٣ رێک خست و لە کۆنگرەکەدا ئۆزگور ئۆزەل بوو بە هەشتەمین سەرۆکی جەهەپە و دیدگا و سیاسەتێکی نوێی پەیڕەو کرد و پرۆسەی ئاساییبوونەوەی لە بواری سیاسی و دارایی راگەیاند کە هێشتا هێڵە گشتیەکان و ئامانجەکانی بە تەواوی روون نین، لە دەستپێکدا ئەم سیاسەتە نوێیە زۆرترین سۆز و پشتیوانیی جەماروەریی بە تایبەتی لایەنە سیاسییە کوردیەکانی بەدەست هێنا، ئێستا بۆ ئەوەی باشتر لە سیاسەتی ئۆزەل و جەهەپە سەبارەت بە پرسی کورد تێبگەین، چاوخشاندنێک بە مێژووی پەیوەندییەکانی کورد و جەهەپە دەکەین.
حزبی گەلی کۆماری جەهەپە (CHP) لە رێکەوتی (٩/٩/١٩٢٣) لەسەر دەستی کەمال ئەتاتورک دامەزراوە کە لەڕووی ئایدۆلۆجیەوە سۆسیال دیموکراتە و تا ساڵی ١٩٤٦ تاکلایەنە حکوومەتی پێکهێناوە. دوای کودەتاکەی ١٩٨٠ هاوشێوەی هەموو حزبەکانی دیکەی تورکیا داخراوە تا لە ساڵی ١٩٩٢ و دوای ٢٨ ساڵ دووبارە دەستی بە چالاکییەکانی کردەوە، لە ماوەی قەدەغەکردنی بەسەر حزبەکانی (SDP-HP-SODEF-DSP) دابەش کرابوو، ئێستا ئەم حزبە (١٦٩) ئەندامی لە پەرلەمانی تورکیا هەیە و سەرەکیترین حزبی ئۆپۆزسیۆنە کە لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی تورکیا لە ٣١ی مارسی ٢٠٢٤ توانی (٢١) پارێزگا و (١٤) سەرۆکایەتیی شارەوانی مەزن مسوگەر بکات و لەنێویشیاندا ئەنکەرە و ئیستانبۆڵ و بۆ جاری یەکەم دوای ٢٢ ساڵ توانی پێش ئاکەپە بکەوێت٠
پەیوەندیی جەهەپە و کورد، دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٨٧ کە بۆ هەڵبژاردن هاوپەیمانێتیەکیان پێکهێنا و لە ئەنجامدا ٧ ئەندام پەرلەمانی کورد سەر کەوتن، بەڵام بەهۆی بەشداریی ئەم پەرلەمانتارە کوردانە لە کۆنفرانسێک سەبارەت بە پرسی کورد لە پاریس لە ساڵی ١٩٨٩ کە داوای مافە کولتووری و کۆمەڵایەتییەکانی کوردیان دەکرد لە حزبی SHP دەرکران، دواتر حزبی SHP لە ساڵی ١٩٩١ هاوپەیمانیی لەگەڵ حزبی HED پێکهێنا و توانی ٢٠ کورسی بەدەست بهێنێت، بەڵام دوای سوێندخواردنی لەیلا زانا بە زمانی کوردی ئەندامێتیان هەڵوەشایەوە.
سیاسەتی ئینکارکردنی کورد لەلایەن CHP بەردەوام بوو، تا حزبی داد و گەشەپێدان AKP پرۆسەی کرانەوەی دیموکراسی لە ساڵی ٢٠٠٣ سەبارەت مافی کورد راگەیاند و دوابەدوای ئەم هەوڵانەی ئاکەپە، جەهەپەش راپۆرتێکی ٢٧ خاڵیی سەبارەت بە چارەسەری کێشەی کورد پێشکەشی پەرلەمان کرد، لەم راپۆرتەدا ئاماژە بەوە کراوە کە پێویستە کێشەی کورد بە رێگای دیموکراسی و رەچاوکردنی پرنسیپەکانی مافی مرۆڤ چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەوکات ئەم راپۆرتە رەت کرایەوە.
تا لە هەڵبژاردنەکانی ٣١ی مارسی ٢٠٢٤ی شارەوانییەکانی تورکیا حزبی گەلی کۆماری ٣٧.٧٦٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و بۆ جاری یەکەم لە دوای ٢٠ ساڵ، توانی پێش حزبی ئاکەپە بکەوێت و لەم هەڵبژاردنەدا ٣،٣ ملیون دەنگەکانی زۆرتر کرد و لە بەرامبەردا دەنگەکانی ئاکەپە بە بەراورد بە هەڵبژاردنەکانی رابردوو ٤،٢ ملیون دەنگی کەم کردەوە و تەنها ٣٥.٤٨٪ی دەنگەکانی بەدەست هێنا و ١٢ پارێزگا و ١٢ شارەوانیی مەزنی مسوگەر کرد و بۆ جاری یەکەم لە ژیانی سیاسیی خۆیدا بوو بە حزبی دووەم.
لەم سۆنگەیەوە دەبینین کە بە سوودوەرگرتن لە ئەزموون و سازگاری لەگەڵ سیاسەتی دونیای ئازاد، حزبی جەهەپە هاوشێوەی حزبەکانی دیکەی تورکیا گەیشتووەتە ئەو راستییەی کە چیتر ناکرێت دۆسیەی کورد فەراموش بکرێت و پێویستی بە سیاسەتێکی میانڕەو هەیە بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆزی کورد بۆ ئەوەی روویەکی جوانتر نیشانی دەرەوە بدات و بتوانێت سۆزی کوردان بۆ خۆی رابکێشێت، بۆیە زیاتر جەخت لەسەر چەسپاندنی زیاتری دیموکراسی دەکاتەوە.
دوای سەرکەوتنە گەورەکەی لە هەڵبژاردنەکانی شارەوانیی تورکیا، ئۆزەل ستراتیژییەتی حزبەكەی بۆ قۆناغی داهاتوودا راگەیاند و ئەنجامی هەڵبژاردنی بە “کرانەوەی دەرگاکان بە ڕووی فەزای نوێی سیاسی” وەسف کرد و جەختی لە گۆڕانی بنەڕەتی لە سیاسەتی حزبەکەی کردەوە کە ئەنجامەکەی لە ساڵانی داهاتوو دەردەکەوێت هەروەها داوای هەڵبژاردنی پێشوەختی کرد. سەبارەت بە پێگەی کورد لە چوارچێوەی پرسی ئاساییکردنەوەدا جەختی لەسەر پێویستی ‘ئاساییکردنەوەی گشتگیر’ کردووەتەوە کە تێیدا واقیعی پێکهاتەی کورد لەبەرچاو بگیرێت و ”ئاساییکردنەوە کورد بەدەر ناکات“ جەختیشی لەوە کردووەتەوە کە “کورد لە بێبەشترین گرووپەکانن کە پێویستە لە هەوڵەکانی ئاساییکردنەوەدا ئەولەویەتیان پێبدرێت” گوتیشی: لەم وڵاتەدا کورد تووشی گەورەترین نادادپەروەریی دیموکراسی بووەتەوە.
دواجار لە پێشهاتێکی چاوەڕواننەکراودا، سەرسەختترین نەیاری مافەکانی کورد (دەوڵەت باخچەلی) سەرۆكی گشتیی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەپەرستی توركیا، لە كۆبوونەوەی ئەندامانی حزبەكەی لە پەرلەمانی توركیا لە رێکەوتی ٢٢/١٠/٢٠٢٤ رایگەیاند: ”چارەسەری کێشەی کورد بەلای حزبەکەیەوە گرنگە“ و دەشڵێت: ”كێشەی توركیا كوردەكان نییە، بەڵكوو تیرۆرە و بۆ چارەسەری ئەو بابەتەش پێویستە نەخشەڕێگایەك دابنرێت كە ئەو كێشەیە چارەسەربكات بەبێ چەك.“
ئەم لێدوانەی باخچەلی کاردانەوەی سەرۆک حزبە گەورەکانی تورکیای بە دوای خۆدا هێنا، ئەحمەد داودئۆغڵو، سەرۆکی پارتی ئایندە لە کۆبوونەوەی پارتەکەیدا لەسەر هەمان بابەت قسەی کرد و رایگەیاند کە ئەگەر بەڕاستی دەتانەوێت هەنگاو بنێن بۆ کێشەی کورد، کە ئێمە لە بەرنامەی حزبی خۆماندا وەک کێشەیەک پێناسەی دەکەین کە دەبێت چارەسەر بکرێت و ئێمە لە پشت هەموو هەنگاوێکەوەین بۆ چارەسەرکردن، بەڵام ئێمە دژی هەر کەسێک دەوەستینەوە کە بیەوێت بە شێوەیەکی تاکتیکی بەکاری بهێنێت”.
هەر لەمبارەیەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرکۆماری تورکیا ڕایگەیاند: “دەرفەتێکی مێژوویی لەئارادایە بۆ ئەوەی کۆتایی بە شەڕ بهێنین لەگەڵ پەکەکە، بانگەوازەکەی دەوڵەت باخچەلییش بە گرنگ دەزانم با ئەم دەرفەتە مێژوییە نەکەنە قوربانی پرسە شەخسییەکان و پێکەوە هەموان بۆ تورکیایەکی بێشەڕ کار بکەین”. هەروەها رکابەری سەرەکیی ئەردۆغان، ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی گەلی کۆماری، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ ئامەد ڕایگەیاند، ئەوان بەرگری لە ئاشتی دەکەن. ئۆزێل گوتی کێشەیەک بە ناوی (كێشەی کورد) هەیە و پێویستە لەناو پەرلەمان بە رێگای هەموارکردنەوەی دەستوور چارەسەر بکرێت و بە فەرمی دان بە بوونی کورددا بنرێت و کێشەکەی بە شێوەیەکی ریشەیی چارەسەر بکرێت.
لە بەرامبەریشدا دوای ئەوەی رۆژی ٢٣/١٠/٢٠٢٤ عومەر ئۆجەلان لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلانی مامی کۆ بووەوە، رایگەیاند: ”عەبدوڵلا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاندووە، دەتوانێت کۆتایی بە پێکدادان و توندوتیژی بهێنێت و چەکەکان بێدەنگ (Silence Weapons) بکات، عومەر ئۆجەلان دەڵێت: “لە دیدارەکەدا ئۆجەلان جەختی کردەوە کە ئەگەر هەلومەرج بڕەخسێت، هێزی تیۆری و پراکتیکیی ئەوەم هەیە ئەم دۆخە لە زەمینەی پێکدادان و توندوتیژییەوە رابکێشم بۆ زەمینەیەکی یاسایی و سیاسی”. لەسەر ئاستی رای گشتی تورکیاش بەپێی هەموو راپرسیەکان زۆرینەی رەهای هاووڵاتیانی تورکیا پشتیوانی لە چارەسەری ریشەیی کێشەی کورد دەکەن. بارودۆخی نێودەوڵەتییش هاندەرە بۆ چارەسەری کێشەی کورد لە تورکیا، هەروەک شەپۆلی یەکەمی چارەسەری لە دوای رووداوەکانی ١١ی سێتەمبەر دەستی پێکرد، شەپۆلی دووەمی چارەسەری لە کاتێکدا دەستی پێکردووەتەوە کە شەڕ و ئاڵۆزییەکانی رووسیا و ئۆکرانیا گەیشتوونەتە ترۆپک و جەنگی ئیسرائیل – ئێران لە پەرەسەندندایە.
کەواتە دەبینین کێشەی کورد لە تورکیا کێشەیەکی ئاڵۆز و فرەڕەهەندە و ئیرادەیەکی سیاسیی بەهێز لە تورکیا هەیە بۆ چارەسەرکردنی و هەروەک باسیشمان کرد هێشتا ئاستەنگی گەورەشی لەپێشە، لەم قۆناغەدا چارەسەری کێشەی کورد کاری هەرە گەورە (Biggest Job) و بابەتی سەرەکیی کارنامەی پارتە بەهێزەکانی تورکیایە، گۆڕینی دەستووریش باشترین دەستپێکە بۆ چارەسەری ریشەیی کێشەکە، بە فەرمی داننان بە بوونی کورد (Existence) وەک هاوبەشێکی راستەقینە و کرانەوەی سیستەمی دادوەری بەڕووی کورد هەنگاوی سەرەتایە، جێی ئۆمێدە کە ئیتر لە تورکیا چیتر بە کورد ناگوترێت (تورکی شاخ!) و ئێستا تورکیا بەرەو دەوڵەتێکی فرەکولتووری(Multicultural State) هەنگاو دەنێت بەمەش لە داهاتوودا دەتوانێت وەک نموونەیەکی راستەقینەی دیموکراسی، هەژموونی خۆی وەک زلهێزترین دەوڵەتی ناوچەکە بچەسپێنێت.
ئەزموونی ئەردۆغان ئەو وتە باوەی ئەمریکییەکان بەبیرمان دەهێنێنیتەوە کە کەسایەتیی چارەنووسسازە (Character is destiny) بەبێ بوونی کارەکتەرێکی بەهێزی وەک ئەردۆغان نەدەتوانرا بەسەر بەربەستەکانی (دەستوور، سوپا، دادگای دەستووری، رکابەڕەکان و کودەتاچییەکان) سەر بکەوێت و هاوکات ئاستەنگە دەرەکییەکان هەموار بکاتەوە. ئەڵتەرناتیڤی ئاشتیش وێرانکارییە ،هەروەک بینیمان بە هەڵپەساردنی پرۆسەی ئاشتی قەیرانەکان لە تورکیا سەریان هەڵدایەوە، ئەمەش وانەیەکی ترە کە تەنیا لە ژینگەیەکی دیموکراسی و ئاشتییەکی پۆزەتیڤدا ئامانجەکانی سەقامگیری سیاسی و گەشەسەندنی ئابووری دێتە دی، ستراتیژییەتی چارەسەری کێشەی کورد و پرۆسەی کرانەوەی دیموکراسی لە تورکیا هەرچەندە تووشی بەربەست و هەڵبەز و دابەز بێت، بەڵام هەرگیز بۆ دواوە ناگەڕێتەوە، ئەمەش ئەو پرەنسیپەی زانستە سیاسییەکانی کە سەرکەوتنی پرۆسەی ئاشتی و رەچاوکردنی بەرژەوەندی گشتی هەوێنی ئاشتی و تەبایی و بنیاتنانی نەتەوەیەکی بەهێزە و بەپێچەوانەوەش بێبەشکردن مایەی شەڕ و لێکترازان و ناسەقامگیریە و هەژارییە و بە درێژایی مێژووی مرۆڤایەتی، هەمیشە دانایی بەسەر تۆڕەیی و کاروکاردانەوەکاندا سەر کەوتووە.
بۆیە ئۆزگور و جەهەپە بۆ چەسپاندنی دەستکەوتەکانی لەم هەڵبژاردنەدا لەبەردەم تاقیکرنەوەیەکی قورسدان و مێژووی چەند ساڵی رابردووی تورکیاش سەلماندی کە تەنیا رێگای سەرکەوتن پابەندبوونێکی راستگۆیانەیە بە پرۆسەی ئاشتیسازی و جێبەجێکردنی بەڵێنەکانە لەسەر زمینی راستەقینەدا. ئەردۆغانیش هێشتا دەرفەتی لە بەردەمدا ماوە بۆ چەسپاندنی کاریزما و سەروەرییەکانی رابردووی خۆی کە بە دانانی دەستوورێکی دیموکراسی بە بەشداری و رەزامەندیی کورد دێتە دی بۆ ئەوەی تورکیا بۆ هەمیشە بخاتە سەر رێرەوی راستی مێژوو.































































