شەهلا ڕەشید- زاری کرمانجی :
ئاژانسی فرانس پرێس بڵاوی کردەوە :” ڕۆمینا پوور موختاری، تەمەن 26 ساڵانە و بە ڕەچەڵەک ئێرانییە، وەک وەزیری گۆڕانی کەش و هەوا و ژینگەی سوێد دیارکراو و بەوەش بووە گەنجترین وەزیری کابینەی نوێی ئەو وڵاتەیە کە تا ئێستا سەرکردایەتی ئەو وەزارەتە دەکات.”
ڕۆمینا دوای دەستنیشانکردنی وەکوو وەزیر لە لێدوانێکدا بە میدیای سوێدی ڕاگەیاند:” کاتێک خۆم کاندید کرد بۆ ئەم پۆستە، بە ڕوونی ئەوەم خستەڕوو کە دەمەوێت گۆڕانکاری لە دەسەڵاتدا بکرێت و ئەوەش ڕووی دا، دەبێت ئێمە سیاسەتێک پەیڕەو بکەین کە ڕەنگدانەوەی ویست و خواستی هاووڵاتییانی سوێد بێت.”
ڕۆمینا ئێستا بەشێکە لە کابینەی سەرۆک وەزیرانی تازە هەڵبژێرراو ئوڵف کریستەرشۆن، ناوبراو لەلایەن دیموکراتە ڕاستڕەوەکانی سوێدەوە پشتگیری دەکرێت، کابینەی نوێی حکومەتی سوێد لە 24 وەزارەت پێکهاتووە، کە 13 وەزارەتیان بە دەست پیاوان و 11 یان بەدەست ژنانەوەن، لەو ژمارەیەش مۆدێرتەکان 13 وەزارەت و کریستیانە دیموکراتەکان شەش و لیبراڵەکان پێنج وەزارەتیان وەرگرتووە، لە کابینەی پێشوودا گەنجترین وەزیر ئایدە هادزیالیچەی تەمەن 27 ساڵان بوو، کە لە ساڵی 2014 وەزیری خوێندنگەی ناوەندی باڵا و پەروەردەی سوێد بوو.
ئەوەی جێگەی باسە ڕۆمینا پوور موختاری لە ساڵی 1995 لە گەڕەکێکی شاری ستۆکهۆڵمی پایتەختی سوێد لە دایک و باوکێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان چاوی بە ژیان هەڵێناوە، ڕۆمینا ئەندامی پارتی لیبراڵی سوێدییە، پێش ئەوەی ببێتە وەزیر سەرۆکی بەشی لاوانی پارتی لیبراڵ و چالاکوانی ژینگە بووە، باوکی ڕۆمینا بە ڕەچەڵەک خەڵکی شاری مەهابادی ڕۆژهەڵاتی کوردستانە و دایکیشی بە ڕەچەڵەک خەڵکی بۆکان لە ئازەربایجانی ڕۆژئاوایە.