سومەیە عەبدوڵقادر- مێرگەسۆر:
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆر و دەوروبەری، ڕاگەیاند، چەند پڕۆژەیەكی ئاو لە سنووری قەزای مێرگەسۆر جێبەجێ كراون. دەشڵێ 88% هاوبەشانی ئاو لە سنوورەكە پێوەریان بەستووە.
مەجروم دینۆ میرزا، بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆر و دەوروبەری، بۆ زاری كرمانجی دەڵێت: ژمارەیەك پڕۆژەی ئاو لە سنووری قەزای مێرگەسۆر و گوندەكانی دەوروبەری جێبەجێ كراون، لەوانە پڕۆژەی ئاوی كەونە گوند، ئێنەمسید و چەند گوندێكی دیكە، لە هەر شوێنێكیش كێشەی ئاو هەبێت بەدواداچوون دەكەین و كێشەكە چارە دەكەین.
بەرپرسی فەرمانگەی ئاوی مێرگەسۆر و دەوروبەری، دەشڵێ: 88%ی هاوبەشانی ئاو لە سنوورەكە پێوەری ئاویان بەستووە و مانگانە بەشێكی زۆریان پارەی خۆیان دەدەن.