محەممەد مەحموود – سۆران:
وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەمەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە و نۆژەنكردنەوەی پارك و باخچەكان و دابینكردنی پێداویستی و دانانی كربستۆن، لەسەر داهاتی شارەوانی و ئاو لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی گوژمەی شەش پڕۆژە دەربڕی بۆ جێبەجێكردنییان”.
پڕۆژەكان پێك دێن لە پڕۆژەی دابینكردنی ماتۆڕ و پەمپ بۆ گوندەكانی بەرزێوە و مەجیداوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆران، پڕۆژەی دانانی كربستۆن و بیهارتون بۆ دەروازەی كاولۆكان لە قەزای ڕواندز لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سۆران، دابینكردنی پێداویستییەكانی نەمامگەی سەر بە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سۆران بەمەبەستی پەرەپێدان و زیادكردنی ڕێژەی سەوزایی لە دەڤەری سۆران، لەگەڵ جێبەجێكردنی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی باخچەی گشتی لە سەنتەری قەزای خەلیفان و جێبەجێكردنی پڕۆژەی نۆژەنكردنەوەی پاركی شارەوانیی مەجیداوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی شارەوانییەكانی سۆران.
وەزارەتی شارەوانی لەناو پڕۆژەكان باس لە دابینكردنی ماتۆڕ بۆ پڕۆژەی ئاوی زارگەلی بەمەبەستی پەرەپێدانی پڕۆژەكانی ئاوی خواردنەوە لە سنووری بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی سۆرانیش دەكات، جگە لەو پڕۆژانە ئێستا ژمارەیەك پڕۆژەی دیكەی خزمەتگوزاری لەلایەن فەرمانگە خزمەتگوزارییەكانی سەر بە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار لە دەڤەری سۆران لە قۆناغی جێبەجێكردندان.