زاری كرمانجی – سۆران
ئاسایشی هەولێر دەستگیركردنی خاوەنی كۆمپانیایەكی پاتری ئۆتۆمبێلی لە هەولێر ڕاگەیاند.
بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی ئاسایش/ هەولێر، ئەمڕۆ دووشەممە 28ـى تشرینی یەكەم لە ڕاگەیاندراوێكدا دەستگیركردنی خاوەنی كۆمپانیایەكی پاتری ئۆتۆمبێلی ڕاگەیاند و دەڵێ دوای بەدەستگەیشتنی زانیاری و بەڵگە و چاودێریكردنی تیمەكانمان لەسەر كۆمپانیای (Real king) بۆ فرۆشتنی پاتری ئۆتۆمبێل، دەركەوت كە كۆمپانیاكە پاتری ئۆتۆمبێل لە وڵاتی ئێران و توركیاوە هاوردە دەكات و دواتر پاترییەكان لەناو كۆگایەك لە نزیك شاری هەولێر بە ستیكەری كۆمپانیاكانی تر دەستكاری و ساختە دەكات و ژمارەی ئەمپێرەكانی سەر پاترییەكان زیاد دەكات و پاترییەكان لە (٢٥-٣٠) ئەمپێری كراوەتە (٦٠) ئەمپێری،”
دەشڵێت كۆمپانیاكە زیاتر لە بیست هەزار دانەی ئەم پاتریانەی لەناو بازاڕەكانی هەرێمی كوردستان ساخكردووتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەی ئاسایشی هەولێر ئەوەش خراوەتە ڕوو “بە فەرمانی دادوەری لێكۆڵینەوەی ئاسایش، خاوەنی كۆمپانیاكە كە بەناوی (ك، و، ج) و كرێكارێكی بیانی بەناوی (ڤ، چ، چ) كە دەستیان لەم ساختەكارییەدا هەبوو دەستگیر كراون و پەڕاوی لێكۆڵینەوەیان بۆ كراوەتەوە، هەروەها دەست بە سەر یازدە هەزار دانە پاتری دا گیرا.”
































































