محەممەد مەحموود -سۆران :
مانگ بە مانگ ژمارەی مووچە خۆران و بەشداربووانی راکێشانی پارە لە رێگەی ئامێرەکانی ATM لە زیاد بوونەو ئیدارەی سۆران پێویستی بە زیاد کردنی ئەو ئامێرانەیە.
سیامەند ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گەنجینەی سۆران بە زاری کرمانجی راگەیاند ” تا ئێستا ئامارێکی فەرمیمان لەبەر دەست نییە بۆ ئەوەی بزاندرێت چەند کەس مووچە لە رێگەی هەژماری من وەردگرن، چونکە هەرمانگەو وەزارەتێک و دەستەیەک مووچەکانیان دەخرێتە سەر هەژمارەکەیان، بە زیاد بوونی وەزارەتەکانی ناوخۆ و پەروەردەو خانەنشینی رێژەکە زۆر زیاتر دەبێت”.
بەڕێوەبەری گەنجینەی سۆران ئەوەشی روونکردەوە” قەزای ناوەندی سۆران پێویستی بە زیادکردنی ئامێرەکانی ATM، تا ئێستا لە سێ شوێن ئەو ئامێرانە داندراون بەزیاد بوونی ژمارەی مووچە خۆران و فەرمانبەران ئامێری زیاتر پێویسته هەبێت لە سۆران ، چونکە ئەوەی تا ئێستا هەنە کەمن.
سەرچاوەیەکیش لە پڕۆژەی هەژماری من بە زاری کرمانجی راگەیاند” لە پلانماندایە ئامێرەکانی راکێشانی پارە لە ئیدارەی سۆران زیاد بکەین.
لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران تا ئێستا ٩ ئامێری ATM داندراون، سۆران ٣ ئامێر ، مێرگەسۆر٢ ، رواندز ١، خەلیفان ١، سیدەکان ١، چۆمانیش ١ ئامێر.
هەفتەی ڕابردوو، زیاد لە 150,000 مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستان بە دیجیتاڵی مووچەکانیان وەرگرت.
مانگ بە مانگ ئەم ژمارەیە زیاتر دەبێت، ژمارەی بەشداربووانی هەژماری من و ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارەش لە هەرێمی کوردستان بەردەوام دەبن لە گەشەکردن، تاکو ساڵی داهاتوو سەرجەم مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خاوەن هەژماری بانکی خۆیان دەبن.
مووچەخۆران لە کاتی بەکارهێنانی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە ڕەچاوی ئەم ڕێنماییە گرنگانە بکە. بۆ هەر پرسیار و تێبینییەکیش دەتوانیت پەیوەندی بە سەنتەری خزمەتگوزارییەکەمان بکەیت لە ڕێی ژمارە 1991.































































