یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران : لەسەر ئاستی كوردستان پلەی یەكەم و لە سەر ئاستی عێراقیش لە پلەی حەوتەمین
محەممەد مەحموود- سۆران :
بە گوێرەی نوێترین ڕیزبەندیی كیوئێس، زانكۆی سۆران یەكەمی سەر ئاستی گشت زانكۆكانی هەرێمی كوردستان و حەوتەمی عێراقە، لە ڕێوڕەسمێكی شایستەدا كە لە دوبەی بەڕێوەچوو، خەڵاتی كیوئێس بەخشرایە د. شێروان شەریف، سەرۆكی زانكۆی سۆران.
د. رزگار سەعید، یاریدەدەری سەرۆكی زانكۆی سۆران بۆ كاروباری قوتابییان بە زاری كرمانجی راگەیاند:” لەسەر ئاستی وڵاتانی عەرەبی و ئەفریقیا، زانكۆی سۆران توانی ئەمساڵ چەندین پلە بێتە پێشەوە لەو ریزبەندیە ئەوەش لەسەر بنەمای كارە ئەكادیمیەكان و توێژینەوەزانستییەكان و كاریگەری و رۆڵی بەرهەمی زانكۆی سۆران لە بازاڕی كاردا، ئەمانە ئەو بنەمایانەن كەوا دەكرێنە پێوەر بۆ زانكۆكان لە لایەن كیو ئێس بۆئەوەی ساڵانە ئاست و ریزبەندی زانكۆكان دیاربكرێن”.
رزگار سەعید، گووتیشی:” بەخۆشحاڵییەوە ئەمساڵ زانكۆی سۆران چەندین پلە هاتۆتەوە پێشەوە لەچاو ساڵانی پێشتر، لەسەر ئاستی كوردستان پلەی یەكەمی بەدەستهێناوە و لە سەر ئاستی عێراقیش لە پلەی حەوتەمین، ئەمەش دەسكەوتێكی زۆر گرنگە كەوا زانكۆی سۆران بەدەستی هێناوەو بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە ستافی سەرۆكایەتی زانكۆو تەواوی مامۆستایان و قوتابییان دەكەین، لە مەڕاسیمێكی تایبەتیش لە دوبەی ئەو خەڵاتە پێشكەشی د.شێروان شەریف، سەرۆكی زانكۆی سۆران كرا.