مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
لە ئەگەری كشانەوەی هەر لایەنێكی سیاسی، قسە لەسەر ئەوەیە كە كورسییەكانیان بۆ كامە لایەن دەچێت، شارەزایەكی بواری هەڵبژاردن ڕایدەگەیەنێت “بە پێ سیستەمی كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، لە ئەگەری كشانەوەی هەر لایەنێكی سیاسیی، كورسییەكان بۆ لایەنەكانی تر دەچێت.”
د. ئارام نەجمەدین شارەزای بواری هەڵبژاردن لەمبارەوە دەڵێ “كۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، تایبەتە بە كورسیی لایەنە سیاسییەكان، سیستەمێكی دایرشتووە، بە گوێڕەی ئەو سیستەمەیە دەگوترێت پارتی 41 كورسی و یەكێتیی 24 كورسییان بەر دەكەوێت.”
د.ئارام باس لە ئەگەری كشانەوەی هەر لایەنێكی سیاسیی دەكات و كشانەوەی كۆمەڵی دادگەری و بەرەی هەڵوێست بە نموونە دەهێنیتەوە و دەڵێ “ئەگەر كۆمەڵی دادگەری بكشێتەوە كە خاوەنی سێ كورسییە، كورسییەكەی هەولێری بۆ پارتی دەبێت.”
دەشڵێت “لە هەولێر پارتی 29 كورسی بەركەوتووە و سێ كورسی ماوە نەیبردووە داویەتی بە لایەنەكانی دیكە، بەڵام ئەگەر كۆمەڵ بكشێتەوە، پارتی دەتوانێت كورسیی خۆی ببات، لە سلێمانیش بە هەمان شێوە ئەگەر كۆمەڵ بكشێتەوە، كورسییەكی بۆ پارتی دەبێت؛ كورسییەكەی دیكە بۆ لایەنی دووەم دەبێت كە یەكێتییە.”
شارەزایەكی بواری هەڵبژاردن ڕوونكردنەوەی زیاتر دەخاتە ڕوو و دەڵێ “ئەگەر بێتو كۆمەڵی دادگەری و بەرەی هەڵوێست بەیەكەوە بكشێنەوە، كورسییەكانیان دەكاتە حەوت كورسی، بە هەردووكیان دوو كورسییان لە هەولێر هەیە، كورسییەك بۆ پارتی دەبێت و كورسیی بەرەی هەڵوێست، بۆ یەكگرتووی ئیسلامی دەبێت، لە سلێمانی یش كورسییەكی كۆمەڵ بۆ پارتی دەبێت، كورسییەكی دیكەی بۆ یەكێتیی دەبێت، كورسی سێیەم و چوارەم ئەوەی لە دوای پارتی و یەكێتیی كورسییەك بۆ سەردەمە، یەكێكیش بۆ بەرەی گەلە، هەروەها كورسیی هەڵوێست لە دهۆك، كامە لایەن لە هەڵوێست نزیكە كورسییەكەی دەبات كە ئەویش یەكێتییە دەبات.”
بەپێی قسەكانی د. ئارام بێت بە گشتی پارتی لەم هاوكێشەیەدا دەبێتە خاوەنی 41 كورسی و یەكێتیی 25 كورسی، هەروەها یەكگرتوو كورسییەكی دیكە زیاد دەكات و دەبێتە 8 كورسی، نەوەی نوێ وەكوو خۆی دەمێنێتەوە كە 15 كورسی هەیە، هاوكات بەرەی گەل دەبێتە سێ كورسی و سەردەمیش دەبێتە یەك كورسی و گۆڕانیش هەر یەك كورسییە، هاوپەیمانیش یەك كورسییە، كۆی گشتیی هەر هەمووشیان 95 كورسییە.”

































































