ئامادەكردنی : هیوا ساعدی
مامۆستا هێدی و شاعیری بەرەنگاریی لە دژی داگیركەران وتاسەی خەیاڵ و گەیشتن بە ئازادیی لە نیشتمانێكی لەت لەت كراو،
خالید ئاغای حیسامی مامۆستا هێدی، ئەمڕۆ هەشت ساڵ لە كۆچی دوایی یەكێ لە سێ كوچكەی شاعیرانی موكریان_ ڕۆژهەڵاتی كوردستان مامۆستا هێدی یە. مامۆستا هێدی ئەو شاعیرەی وشە و خەمی دێرەكانی مێژوو لە ناخیدا وەك هەنیسكی بێ وڵات هاوڕێ بوون وابوو خەیاڵ لای مامۆستا هێدی پەپوولەیەكی ڕەنگاوڕەنگی ناسك و تەنك بوو كە مرۆڤ بە ئاسانی هەموو ڕەنگی باڵەكانی ئەو پەپوولە خەیاڵییەی لێك دەكردەوە و لەگەڵیان دەسووتا.
مامۆستا هێدی هێزی نووسینی قەڵەم و لە لایەك ئەو سەنگەری بەهێزی ئەدەبیاتی بەرگری بوو، لە لایەكی دیكەوە وشەكانی كە تێك دەكرانەوە لانەی دڵدارە تەرەبووەكانی وڵات بوون، ئەو بە هەست و سۆزی دەریا ئاسای ئەوینێكی بە گوێمان دا دەچرپاند وەك ئەوینی شەپۆل و كەنار كە لێكدا برانیان مەحاڵ بوو.
خزمەت بە زمان و ئەدەبیاتی نەتەوەكەیان كۆتاییان نەكرد و شاعیر دەكرێت ناوی شاعیری نەتەوەیەیان لێ بنرێت چون تا دوا هەناسەی لە خزمەت بە خەڵك و نیشتمانەكەیان دا چۆكیان دانەدا و كۆڵیان نەدا.
یادی “هێدی” یەك لە هەرە ناسك خەیاڵیترین شاعیرانی كورد هەردەم لە دڵ دا زیندووە و كاروانی خەیاڵی ئازادیی لە یوتوپیای گەیشتن بە سەروەریی و پاراستن لە زمانی نەتەوەكەی بوو،
خالید ئاغای حیسامی كوڕی حاجی محەممەد ئاغای موكریانی ساڵی ١٣٠٦ی هەتاوی (١٩٢٧) لە ئاوایی شێخاڵی سەر بە بۆكان لە دایك بووە. نازناوی بنەماڵەكەی (حیسامی)یە، لە عەشیرەتی دیبۆكرین. هەر لەو ئاوایییەش كە موڵكی باوكی بووە دەستی بە خوێندن كردووە لای مامۆستای تایبەتی. ساڵی ١٩٤٥ پەیوەندی بە كۆمەڵەی ژیانەوەی كوردستان كردووە و دواتر لە سەردەمی كۆماردا وەك پێشمەرگە و شاعیرێك چالاك بووە و بە نازناوی (شێواو) لە ڕۆژنامە و گۆڤارەكانی ئەو سەردەمەدا بەرهەمی بڵاو كردووەتەوە. پاش ڕووخانی كۆمار ڕووی لە باشووری كوردستان كردووە و لەگەڵ شۆڕشی ئەیلوول كەوتووە و لەوێش هەم وەكوو پێشمەرگە و هەمیش لە بەشی ڕاگەیاندن و چاپەمەنی و ڕادیۆی دەنگی كوردستاندا چالاكی نواندووە. هێدی لەلای مەلا مستەفا بارزانی ڕێزێكی زۆری هەبووە. بۆ یەكەمین جار لە ساڵی ١٩٤٥ لە مەهاباد مەلا مستەفا بارزانی ناسیوە و ئاشنایەتی لەگەڵ پەیدا كردووە. لە دوای هەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلوولی ١٩٦١ چووەتەوە ناو شۆڕش و بۆ دووەمین جار چاوی بە بارزانی كەوتووەتە. لەسەر دەستی ئەو بووە بە خەباتگێڕی چەكدار لە ناو شۆڕشدا. ماوەیەك لە ڕانیە و سەنگەسەر و قەڵادزێ ژیانی پێشمەرگەیی بردووەتە سەر. لە ماوەی گفتوگۆكەی نێوان شۆڕشی كورد و دەسەڵاتی عەبدولڕەحمان عارف لە بەغدا، لە لایەن شۆڕشەوە كراوە بە قایمقامی قەڵادزێ، لە پاشاندا گوازراوەتەوە ڕانیە، ماوەیەكیش لە ڕادیۆی «دەنگی كوردستانی عێراق»دا كاری كردووە. لە دوای وەستانی ڕادیۆ گوازراوەتەوە ناوچەی باڵەك، چاپخانەی شۆڕشی لێ بووە و كاری لە چاپكردنی ڕۆژنامەی خەباتدا كردووە.لە دوای بەیاننامەی ١١ی ئازاری ١٩٧٠ گەشتی بەغدای هەبووە، دكتۆر حەسەن حیسامی برای كە لە ئەڵمانیا دەژیا هاتبووە بەغدا پێكەوە چوونەوە ئەڵمانیا. لەوێوە ڕووی كردە سوید، پاشان گەڕاوە كوردستان.لەگەڵ كۆتایی شۆڕشی ئەیلوول گەڕاوەتەوە ئێران.پێشنیاری بۆ كرا لە ڕادیۆی كرا لە ڕادیۆ و تەلەڤزیۆنی بەشی كوردی تاران كار بكات، بەینێك كاری كردووە و پاشان بەجێی هێشتووە. لەو ماوەیەدا پەیوەندی لەگەڵ بارزانییەكان هەبووە تا ڕاپەڕینی ١٩٩١ و لەگەڵ ئەواندا گەڕاوەتەوە عێراق.
مردن :
خالید حیسامی تا كۆتایی ژیانی لە هەولێر نیشتەجێ بووە. لە ئاكامدا لە پاش نیوەڕۆی پێنج شەممە ٢٧ی تشرینی یەكەمی ٢٠١٦ی زایینی (٦ی خەزەڵوەری ١٣٩٥ی هەتاوی) لە تەمەنی هەشتا و هەشت ساڵیدا كۆچی دوایی كردووە و دوو ڕۆژ دواتر لە گۆڕستانی پیرمام بە خاك سپێردراوە. هێدی وەسیەتی كردبوو تەرمەكەی بگەڕێنرێتەوە موكریان و لە شاری مەهاباد و لەكن هێمن و هەژار تەسلیم بە خاك بكرێ ،
خالید حیسامی شاعیری سەردەمی كۆمار بووە و هاوكات لەگەڵ هەژار و هێمن دەستی بە شیعر وتن كردووە و شێوازی تایبەت بە خۆیشی هەبووە و زۆربەی شیعرەكانیشی دەكەونە قاڵبی ئەدەبیانی بەرگرییەوە. هێدی لە غەزەلدا دەستێكی باڵای هەبووە و زمانی غەزەلەكانی ساكار و ناوەڕۆكەكەشییان ئەویندارانە و نیشتمانییهـ؛ هەروەها تایبەتمەندیی گشتیان ئەوەیە كە بەرەو ئاقارێكی ئەرێنیدا دەچن. ساڵی ٢٠٠٨ لەلایەن وەزارەتی ڕۆشنبیریی هەرێمی كوردستانەوە كۆڕێكی گەورە بۆ ڕێز لێنان لەم شاعیرە بە بەشداری شاعیران و نووسەرانی كورد لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو.
بەرهەمەكان :
- كاروانی خەیاڵ (بەشێك لە هەڵبەستەكانی شاعیر).
- ئاوێنە شكاو یان بیرەوەریی هێدی (ژیاننامەی شاعیر بە قەڵەمی خۆی).
- كاروانی خەیاڵ و ئاوێنە شكاو (شیعر و بیرەوەریی هێدی)
































































