سەرۆ قادر
ئامانجی ژیان چیە ؟ هەدەفی ژیان پێشکەوتن و ئارامیە و سەلامەتی گشتییە. لەبەر هەندێ ناکۆکی و ئازارمان هەیە، کۆمەڵگای کوردستان هەندێک باوەڕ و پەیوەندی کۆمەڵایەتی کۆن بون و کەڵکی ژیانی ئەمڕۆیان نەماوە بۆیە وەک شاری موسڵ دەڕوخێ ئەویش کۆمەڵگای تەقلیدی و بیروباوەرەکانی وەک ئەو شارە وا بەردەبێتەوە و هەندێک کەس هاوار ئەکات بۆ؟ چونکە توانایی پێشکەوتنی نیە . هەندێک کەس خۆی بۆ تێگەیشتن و گۆڕان ماندو ناکات چونکە بۆ ئەوەی بزانێ چ باسە ڕاهاتوە لەسەر ئەو سیستەمەی کە هەمیشە وەک خۆی دەمێنێتەوە و ناجوڵێ.
یەکێک لەو کێشانەی سۆسیال میدیا توشی کۆمەڵگای کوردستانی کردوە(و دەستی خۆش بێت ) ئەوەیە کە هەموو پێکهاتەکان کە پەراوێز کرابون وا دێنەوە پێش، ژنان دێنە پێش بەڵێ دەیانکوژن و شەرمەزاریە کە دەیانکوژن ، شەرمەزاریە کە لێیان دەدەن، دونیا لێمان قبول ناکات و رۆژێک دێ لەسەر ئەم بەزمە پیلمان با دەدەن. هەروەها بەرابەری دینەکانە، تا ئێستا لە شەرق و لە کوردستانیش بە شێوەیکی باش مافیان دابین نەکراوە، ئەوانیش وا دێنە پێش و وردە وردە هەموو ئەو توێژە کۆمەڵایەتییانەی کە ژیانیان بە نەوعێک باش نیە خۆیان نیشان ئەدەن و دێنە پێشەوە. بۆ نمونە تۆ ئاگاشت لێ نیە(قەت لە تەلەڤزیۆنەکەت رێگەی مەدە) پیرەژنێک لە مۆبایلەکەیەوە دەڵێ ئاوم نیە، یەکێکی دیکە دەڵێ کوڕەکەم مەکتەبی باش نیە …هتد هەمویان کێشەکانی خۆیان باس دەکەن. کە واتە هیچ مەجالی تێدا نیە دەبێ کۆمەڵگای کوردستان پێشکەوێت .
ئەی کە دەڵێن سۆسیال میدیا و میدیای گشتی و زانیاری فرە بۆ ئێمە بەڵایە ئەوانە ئەو بەشە لە کۆمەڵگای ئێمەوانەن کە نایانەوێت پێشکەون. هەڵبەت لە کاتی نوێ بونەوەی کۆمەڵگاکاندا دانیشتوانی وڵات بە دوو بەش دەبن بەشێک ئەوانەن کە توانایی خوێندن و پێشکەوتنیان هەیە و ژیانیان لەگەڵ نوێبونەوە خۆشتر دەبێ، بەشێکیش ئەوانەن کە لە تەمەن و لە بیروباوەر ولە بەرژەوەندی ئابوری و لە ڕاهاتن و لە توانایەکانی بەشداری ژیانیشدا کەمتوانان و حەز دەکەن لە شوێنی خۆیان دانیشن و قەت هەڵنەستن بۆیە بیروباوەرەکانی خۆیان موقەدەستر دەکەن. کە دەڵێم موقەدەس مەبەستم هەر دین نیە، عادات و عورفی کۆمەڵایەتیە، رێورەسمی ناوماڵە. زۆر خێزان هەبوە کە دەڵێ بابی من وایگوتوە، باپیری من وای فەرموە، کوڕ و کچی خۆی لەسەر ئەو گوتە و فەرمودانە دەکوژێ.