مەلكۆ نوح شێرۆكی
لە دۆخێكی ئاڵۆز كە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تیدا گوزەر دەكات و كێشە و شەڕ و ململانێ گەیشتۆتە ئاستێكی ترسناك هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان ئەنجام درا و لە كەشێكی سەقامگیر و ئارام لایەنە سیاسییەكان بانگەشەیان بۆ سەرخستنی لیست و كاندیدەكانیان كرد، بە هەمان شێوەش گەلی كوردستان بە خواست و ئارەزووی خۆیان و ئازادانە دەنگیاندا و بەم شێوەیە پڕۆسەیەكی دیموكراسی سەركەوتوو كۆتایی پێ هات و یەكێك بوو لە باشترین و هیوا بەخشترین ڕووداوەكانی سیاسی كە لە ساڵی ٢٠٢٤ لە عێراق و ناوچەكە ڕوویدا سەڕەرای ئەوەی ئاستەنگی زۆر هەبوو و كەس پێشبینی نەدەكرد هەڵبژاردنەكە بەم شێوەیە جیبەجێ بكریت، ئەم پڕۆسەیە لە لایەن كۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنی عێراق و لە ژێر چاودێری رێكخراوە نێودەوڵەتی و رێكخراوە ناحكومییەكان بەڕیوەچوو، پارتی دیموكراتی كوردستان بووە لیستی براوەی ئەم هەڵبژاردنە و زۆرترین كورسی پەرلەمانی بە دەست هینا، ڕەنگە دەرئەنجامەكانی ئەم هەڵبژاردنە بە دڵی لایەنە سیاسییەكان نەبوو بێت، بەڵام گەورەترین دەستكەوت بوو بۆ گەلی كوردستان و جارێكی تر دەرفەتی ئەوە دروست بوو هەرێمەكەمان ببێتەوە خاوەنی دامەزراوەی شەرعی و دەستووری كە ماوەیەك بوو لە لایەن دوژمن و نەیاران پەك خرا بوو .
ئێستا پێویستە هەموو لایەك دەست لە ناو دەستی یەكتر بە بیرێكی نەتەوەیی كۆشش بكەن بۆ كاراكردنی پەرلەمان و ئامادەكاری بۆ پێك هێنانی كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دەرفەت لە دەست نەدەن لەبەر ئەوەی هەلومەرجی ئێستای جیهان بە گشتی و ناوچەكە بە تایبەتی ئاڵۆز و ناسەقامگیرە و پێویستە هەرێمی كوردستان لە حاڵەتی تەندروست دابیت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی كێشە و ئالنگارییەكان، لەم ساتە هەستیارەشدا هەموو كوردێكی دڵسۆز چاوی لەسەر ئەوەیە جەنابی سەرۆك بارزانی وەك هەمیشە ڕۆلی باوكانەی خۆی ببینێت بۆ دەرباز كردنی هەرێمی كوردستان لەم قۆناغە سەختە، بۆ ئەوەی كوردستان بەهێزتر بمینێتەوە .































































