مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی :
هێرشەكانی توركیا، بۆ سەر ژێرخانی ئابووری و خزمەتگوزاری و هێزە ئەمنییەكان و كێڵگە نەوتییەكانی ناوچەكانی باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا (ڕۆژئاوای كوردستان) بەردەوامی هەیە و هێزەكانی سووریای دیموكرات ڕایگەیاند “لە ئەنجامی هێرشەكەدا 17 كەس گیانیان لەدەستداوە و 49 كەسی دیكەش برینداربوون.”
توركیا لە كاردانەوەی هێرشە چەكدارییەكەی ڕۆژی چوارشەممەی ڕابردووی سەر كۆمپانیایەكی پیشەسازیی ئاسمانی لە ئەنقەرە، بە 113 فڕۆكەی جەنگی و درۆنەوە هێرشی كردە سەر ڕۆژئاوای كوردستان و جگە لە بۆردوومانكردنی هێزە ئەمنییەكان، 17 جاریش هێرشی كردووەتە سەر پاڵاوگەكانی نەوتی نزیك كێڵگەی ئودێ و وێستگەكانی كارەبا و وزە و بهم هۆيهشهوه تەواوی دامەزراوەی خزمەتگوزاریی لەكاركەوتوون.
بەپێی ڕاگەیاندراوێكی هێزەكانی سووریای دیموكرات بە هۆی هێرشەكەوە 17 هاووڵاتی گیانیان لەدەستداوە كە لە نێویاندا دوو منداڵ هەن، هەروەها 49 ی دیكەش برینداربوون،
هەر لە ڕاگەیاندراوەكەی (هەسەدە) هاتووە “لەو ناوچانەی كە خەڵكی سڤیلی تێدا دەژن، نانەواخانەكان، وێستگەكانی كارەبا و نەوت، و بازگەكانی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ كە بەرپرسیارن لە پاراستنی خەڵك، بوونەتە ئامانجی فڕۆكەی جەنگی و فڕۆكەی بێفڕۆكەوانەكانی توركیا.”
دەشڵێت “جگە لە فڕۆكەكان، تۆپخانەكانی توركیا 42 شوێنیان لە ناوچەكانی (كۆبانێ و دێرك و تەل ڕیفعەت و ترپە سپی و عامودا) بۆردوومان كردووە.”