مەهدی محەممەد – زاری كرمانجی:
فڕۆكە جەنگییەكانی سوپای ئیسرائیل كۆمەڵێك كارگەی دروستكردنی مووشەكی لە چەند ناوچەیەكی جیاوازی ئێران كردە ئامانج .
بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 26ـى تشرینی یەكەم، فڕۆكە جەنگییەكانی ئیسرائیل هێرشی كردە سەر تاران ی پایتەختی ئێران و چەند كارگەیەكی دروستكردنی مووشەكی كردە ئامانج.
دانیێل هەگاری، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند”هێزەكانی بەرگریی ئیسرائیل، لە وەڵامی هێرشی بەردەوامی ڕژێمی ئێران، هێرشی ئاسمانیی وردی كردە سەر هەندێك ئامانجی سەربازی لەناو خاكی ئێران.”
میدیاكانی ئیسرائیل بڵاویان كردەوە “هێزە ئاسمانییەكانیان سێ هێرشییان بۆ سەر دامەزراوە سەربازییەكانی ئێران ئەنجام داوە و 20 پێگەیان بە ئامانج گرتووە.”
هاوكات ڕۆژنامەی مەعاریف ئاشكرای دەكات هێرشەكە لە لایەن 100 فڕۆكەی ئیسرائیلی لە جۆرەكانی ئێف 15 و 16 و 35 و فڕۆكەی بێ فڕۆكەوان، كە بەشێكیان هێرشبەر و بەشێكی دیكەیان پارێزەر و ئەوەی تریشیان دابینكەری سووتەمەنی بوون، ئەنجام دراوە و چەندین دامەزراوە سەربازییەكانی ئێرانی كردووەتە ئامانج .
بەرپرسانی ئیسرائیل لە بارەی هێرشەكەوە دەڵێن كە هیچ دامەزراوەیەكی ئەتۆمی و نەوتی نەكراوەتە ئامانج.
سوپای ئیسرائیل هێرشەكەی بۆ سەر ئێران ناوناوە (ئۆپەراسیۆنی ڕۆژانی تەوبە كردن) و بەرپرسە سەربازییەكانی ئیسرائیل دەڵێن “ئەگەر ئێران جارێكی تر هەڵەیەك بكاتەوە، ناچار دەبین توندتر وەڵام بدەینەوە.”
لە ڕاگەیاندراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی ئیسرائیل لەسەر هێرشەكەیان بۆ سەر ئێران دەڵێ “فڕۆكە جەنگییەكانمان ئەو دامەزراوانەیان كردە ئامانج كە مووشەكیان لێ دروست دەكرێت و پێشتر بۆ هێرشكردنە سەر ئیسرائیل مووشەكیان بەرهەم هێنابوو.”
لای خۆشییەوە میدیای فەرمی ئێران بڵاوی كردەوە “سیستەمی بەرگریی ئاسمانی سەركەوتوو بووە لە بەرپەرچدانەوەی هێرشەكانی ئیسرائیل، بەڵام (زیانی سنووردار) لە هەندێك ناوچەدا كەوتووەتەوە.”































































