زاری كرمانجی-سۆران
ئەمڕۆ پێنجشەممە بە ئامادەبوونی حەكیم تێلی جێگری سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و قائیمقامی قەزای ناوەندی سۆران و بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران و بەڕێوەبەرانی نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵان و نەخۆشخانەی ئاشتی، بۆ یەكەمینجار لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بەشی مەمۆگرام بۆ دەستنیشانكردنی شێرپەنجەی مەمك لە نەخۆشخانەی لەدایكبوون و منداڵانی سۆرانی فێركاری بە فەرمی كرایەوەو دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتییان”.
بۆ ئەم مەبەستە، كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرا و ئاماژە بەوە كرا، كە كارمەندانی تەندروستی لە نەخۆشخانەكە رۆژانە پشكنین ئەنجام دەدەن و دوای دەستنیشانكردنی هەر حاڵەتێك، رێكاری پێویست دەگیرێتەبەر بۆ چارەسەركردن. هاوكات داواش لە ئافرەتان كرا بۆ رووبەڕووبوونەوەی پێشوەختەی نەخۆشییەكە سەردانی بەشی مەمۆگرام بكەن بۆ ئەنجامدانی پشكنین”.
بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سۆران، سوپاسی سەرپەرشتیاری ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانی كرد، بۆ پاڵپشتییە بەردەوامەكانی بۆ كەرتی تەندروستی لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی سۆران.