زاری كرمانجی – سۆران :
سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنی، بە بۆنەی سەركەوتن و كۆتایی هاتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكات و دەڵێت “چاومان لە پەرلەمان و حكومەتێكە كە بەشدار بێت لە پتەوكردنی پەیوەندییەكان و چارەكردنی هەموو ناكۆكییەك لەگەڵ حكومەتی بەغدا.”
ئەیاد عەللاوی، سەرۆكی هاوپەیمانی وەتەنی و سەرۆكوەزیرانی پێشووتری عێراق، لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس پەیامێكی بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت “بە بۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنەكان، پیرۆزبایی لە خوشك و برایانی هەرێمی كوردستان دەكەین، ئەو سەركەوتنەی كە بووەتە ڕەنگدانەوەی پابەندبوون بە دیموكراسی و سەقامگیری.”
دەشڵێت “ئەمە هەنگاوێكی گرنگە بۆ بەرەوپێشبردنی چاكسازی و گەشەپێدان،”
عەللاوی لە پەیامەكەیدا ئەوەش دەڵێ “چاومان لە پەرلەمان و حكومەتێكە كە بەشدار بێت لە پتەوكردنی پەیوەندییەكان و چارەكردنی هەموو ناكۆكییەك لەگەڵ حكومەتی بەغدا بە شێوەیەك كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەموو عێراقییەكان بكات.”

































































