هادی باڵەیی
مرۆڤ بەردەوام لە ململانێ دایە بۆ مانەوەی لە ژیاندا و لەگەڵی دەجەنگێت، تۆ بەشی خۆتی و بەس، بۆیە لەبیری مەكە، وە لە بیرت نەچێت هەموو ئەو شتانەی كە یارمەتی مرۆڤ دەدات بۆ پەیداكردنی وانەكانی، دەبێت ئەزموون بكرێت، وە هەوڵ بدەین دەرفەت بە خۆمان بدەین بۆ دۆزینەوەی نهێنییەكان و مامەڵە لەگەڵ لۆژیكی بێمانادا نەكەین .
تۆ هەوڵ بدە هەموو ئەو شتانە بخوێنیتەوە كە بە بەر چاوەكانت تێدەپەڕێت و بە وریاییەوە سەیری هەموو ئەو شتانە بكە كە ئەتوانێت ئەرامیت پی ببەخشێت و هیلاكیت دەربێنێ ، بۆ ئەوەی ئاڵوودەی خوێندنەوە بیت و هەموو ئەو شتانە بخوێنیتەوە كە حەزت لێیەتی، هەوڵ بدە هەموو شتێك تاقی بكەیتەوە كە زیاتر لە ڕێگەیەكت بۆ دەدۆزیتەوە و ئەزمون پەیدابكەیت تا ژیان لە سەختیدا چۆكت پێ دانەدات، بۆ ئەوەی دەرفەتی ڕزگاربوون لە تاقیكردنەوەی چارەسەرەكانی ژیانتدا هەبێت، هەوڵ بدە بە لۆژیكی لاوازیەكانت بگۆریت بۆ هێزو زاڵبوون بەسەر تەحدیاتەكان، ئاخر ژیان هەموو رۆژەكانی دەرفەتێكەو مەهێڵە هیچ كام لە دەرفەتەكانت لەدەست بچێت.
هەوڵ بدە ژیان بە بێهودەیی پراكتیزە نەكەیت، ئەوسا بۆت دەردەكەوێت كە ڕاستگۆ بوون بەهای نەبڕاوەی هەیە كاتێك بڕیارماندا لە جدییەتی ژیان نەكشێینەوەو شتەكان وەك خۆی ببینین، چون ژیان تەنیا شایەنی ئەو كەسانەیە كە واقیعی دەبینن، بەردەوام بەم جۆرە مامەڵە لەگەڵ ژیاندا بكە، وە لە كۆتاییدا تێدەگەیت كە ژیان چ واتایەك دەبەخشێت.
هەوڵ بدە لە هەموو ئەو دیبەیتانە بكشێیتەوە كە بە حەتمی لە ڕێگاكانتدا ون دەبیت، هەوڵ بدە واز لەو دیبەیتانە بهێنە كە بۆت بەسوود نین، لە شەڕەكانیشدا ئەو شەڕە هەڵبژێرە كە شایەنی قوربانیدانە، ئەوسا بۆت دەردەكەوێت كە تۆ بەجۆرئ و لە بابەتگەلی جیاواز یەكسانیت لەم ژیانەدا.
هەوڵ بدە مرۆڤێكی یاخی و سەركێش بیت لە هەموو ئەو شتانەی كە بێزارت دەكەن، بە هەموو توانای خۆت یاخی ببە لە دژی هەموو ئەو شتانەی كە لەگەڵ تۆدا ناگونجێت و لە دژی هەموو ئەو شتانەی كە خۆت دەدۆزیتەوە تیایدا كە ناچار نیت یەكێكیان هەڵبژێریت.
هەوڵ بدە سەرلێشێواو نەبیت دەربارەی هەڵبژاردنەكانت، هەركاتێك لە پۆستێكی حیزبی یان ئیداری دایت ئەوسا باشتر بفكرە ژیان لەنێوان چەند هەڵبژاردەیەكی جیاوازدایە بۆت و جیاوازی خۆت دەرخە لە پیشەكەتدا، هەوڵ بدە زۆر چاوەڕێ بكەیت پێش ئەوەی هەڵبژاردنەكەت بكەیت و كاتێكی تەواو بە خۆت بدە بۆ هەڵبژاردنەكانت، ئەو كەسەی خێرایە لەهەڵبژاردنەكانی با بەدوای دوژمنەكانیدا نەگەڕئ، دواجار خۆی دووژمنی خۆیەتی و تێدەگات كە چاوەڕوانی و خێرایی نەبوون لەهەڵبژاردنەكانت باشترین دەرمانە بۆ ئەوكەسانەی كە توانای چاوەڕوانییان لە دەست داوەو بەپەلە هەڵبژاردنەكانیان دەكەن.
هەوڵ بدە خۆت لە نێو قەرەباڵغیدا بهێڵیتەوەو جیاواز بیت لەو دەنگە دەنگەی كە لەدەوروبەری خۆت دەزریگێتەوە، بە عەقڵانیی جیاوازی خۆت پراكتیزە بكەو هەرگیز بەشێك مەبە لەئەوانی تر، لە ڕێگای خۆت سود بگەیەنە، هەوڵ بدە یاخی بیت، بەڵام بە عەقڵانی ئازادی خۆت بەكار بهێنیت، هەتا دەتوانیت ئازاد بە، لەگەڵ ئەوەشدا هەموو ئەو شتانەی لەگەردووندا هەن با سنورداربن و بۆ ئەوەی ڕەچاوی سنوورەكانی ئازادی خۆت لەدەست نەدەیت.
ژیانی خۆت بەم جۆرەی خۆت دەتەوئ پراكتیزەی بكە نەك بەم جۆرەی من دەمەوئ ، گرنگی بەوە مەدە كە چی دەربارەی من و ئەو دەزانی، گرینگی بەوەبدە كە دەربارەی خۆت چی دەزانی چون دواجار بە خۆت دەگوترێت تۆ نەك بەمن بگوترێت تۆ!. گرنگی بە نیگای كەسانی تر مەدە، ڕەچاوی نیگاكانی خۆت بكەو تێبگە كە چیت دەوئ لە ژیانتدا چون ژیانت لەسەر ئەوە وەستاوە، لەهەربارودۆخێكدا هەست بە پاشەكشێ لە دنیای خۆتدا مەكە، تا ئەو ڕادەیەی لەگەڵ ئەو شتانەی كە دەربارەی خۆت دەیزانی ناوەڕۆك بیت، نەك سەرەتا و كۆتایی، ئەوسا تۆ بێ هاوتایت.
ڕێزێكی تەواو تاقی بكەوە بۆ ئەوەی لێی وەربگریت، هەست بە بوونی پاكی خۆت و بەرامبەرەكەت بكە، تا لە كەسانی تر بێ نرخی وەرنەگریت و بئ نرخیش نەبەخشی بەهیچ كەس، تا بە چاوێكی پڕ لە ڕێزەوە ئەوانی تر ببینیت، ئەوسا بۆت دەردەكەوێت كە ژیان مهرەبانە هاوشێوەی نیشتیمان.
هیچ كات سوپاسگوزاریی لەبیر نەكەیت چ بەرامبەر بە خودا ، چ بەرامبەر بە مرۆڤەكانی كە لەژیانتدا هەن، چون تا زیاتر سوپاسگوزاربیت، پشكی زیاتری لێ وەردەگریت، زیاتر خۆت لە بواری مرۆڤایەتیدا ببینەوەو دەرفەتێك بە خۆت بدە بۆ ئەوەی ستایشی ئەوانی تر بكەیت، ئەوجا هەستدەكەیت ئیمتیازت وەرگرتووە .
با هەوڵ بدەین لە دنیای سەربەرزی نەكشێینەوە تا ئەو ڕادەیەی كە دەكرێت هێز لە بێهودەیی وەرنەگرین و خۆبەزلزانی نەبین، با بە هەموو شانازیەكانمان و دەستكەوت و ئامانجە بەدیهاتوەكانمان شانازی بكەین و بە شایستەیی خۆمان وەك مرۆڤێك لە مرۆڤەكان، خۆمان بدۆزینەوەو مانای ژیانمان بۆخۆمان دەرخەین نەك بۆمان دەربخرێ،
با ڕەخنەی پێویست بگرین و بزانین بۆچی و لەچی ئاراستەی دەكەین، هەرگیز هەڵە تاقی نەكەینەوە بەڵكو هەوڵ بدەین ئەزموون لەهەڵەی كەسانی تر وەربگرین. با گومان لە هەموو بیدعەكان نەكەین و هیچ كات لە گومانكردن لەو خاڵە نەوەستین كە دڵنیایی نابەخشن پێمان، هەركاتیش بەڵگەی دەرخەری پێویست نەبوو ئەوا پێویستە خاڵێك بۆ كۆتایی گومانەكانمان زیاد بكەین، بەڵام تا ئەو ڕادەیەی كە دەتوانیت بیكەیتە ئەزموون و خۆت لە ڕاستیەكان بپرسە كە چۆن یارمەتیت بدات بۆ ئەوەی زیاتر بزانیت و بگەین بە ئامانج، وە هیچ كات باوەڕ بە وەڵامە ئامادەكراوەكانی كەسانی تر مەكە، چونكە ئەوان زۆر جار ڕێگای عەقڵانییەتی تۆ بەلاڕێدا دەدەن.
هەوڵ بدە تا ئەو ڕادەیەی كە دەكرێت لە نائومێدی دووركەویتەوە، چون بئ ئومێدی هیچ سودێك ناگەیەنێ بەتۆ، بارودۆخت هەرچۆنێك بێت بسەپێنە و قەبوڵی بكە، كاتێك لە شتێك یان پڕۆژەیەك یانیش هەر هەوڵێكت شكست دەهێنیت، هەست مەكە كە تۆ خراپترین كەسی دنیایت و هیچ سودێكت بۆ نەماوە، ئەوسا عاقڵ دەبیت، درك بەوە دەكەیت كە نائومێدی شایستەی بەهێزەكان نییە .
هەندێك جار شێتی خۆت پراكتیزە بكە، لە هەموو ساتێكی ژیان چێژ وەربگرە، چون ژیان شایەنی ئەوەیە كە تەنیا بچووكترین سەرنجێك لەدەست نەدەیت، پێویستە شێتی پراكتیزە بكەیت و نەهێلیت دەرفەتی زیانگەیاندن بە ژیانمان هەبێت، مومكین نیە غەمگین دەركەوین و چێژ وەرگرتن لە هەموو ساتەكان شایەنمانە.
بیرت نەچێتەوە كە بیرگە لەسەرووی ژیانەوەیە، تاڵی یادگاری و تاڵی خەمەكانی خۆت لەبیرنەكەیت چون باشتر چێژ لە نیعمەتەكان و هەبوونەكانت وەردەگریت و تێدەگەیت هەموو شتێك بۆ لەبیركردن ناشئ ، تەنها شتە شەرمهێنەرەكان لە ئەنجامی خێرایی هەڵبژاردنەكانمان، شایەنی بیرچوونەوەیە، خۆ ئەگەر دەرفەت بدەیت بە یادت بۆ زیانگەیاندن بە یادگاری نوێ و بیرچوونەوەش لەوانەیە كارێكی گران بێت و سانا نیە بۆ ئەوانەی كە بەدوای وەڵامدا دەگەڕێن .
گرینگە بەهرەكانت بە هەموو ویستت نوێ بكەیتەوەو لە تاقیكردنەوەی بەهرەكانت هیچ ترسێكت نەبێت، هەڵبەت ئەگەر دەتەوێت مرۆڤێكی لاواز نەبیت ، دەبێت بیانكەیتە یەكێك لە ئەولەویاتەكانی ژیانی خۆت، ڕۆژانە ڕاهێنان بكە تا ئەوەی بە خۆت ڕاهاتووی، بۆئەوەی دەرفەتی پەیداكردن و پەرەپێدانت هەبێت، خولیاكانی خۆت تەنانەت لە بێزاركەرترین ساتەكانی خۆتدا پراكتیزە بكە، لە شكستێك كە بە ڕێگای تۆ هاتووە، با ئەو شكستە مامەڵە بكە وەك ئەوەی بەشێك بێت لە یاریەكە وەك خۆی، و بەهرەكانی خۆت لە هەموو شتێكدا كە یارمەتیت دەدات بۆ بەدەستهێنانی بەشی ژیانت سود وەرگرە.
ئێستا تۆی ڕێزدار كە خوێنەری ئەم وتارە بوویت، هەوڵ بدە هەموو شتێك و كارێك تەواو بكەیت لە داهاتوودا كە بۆت وەپێش دێت، كاتئ دەرفەتی خوێندنەوەی وتارێك یان كتێبێكت هەبوو جارێك بە تێگەیشتن بیخوێنەوە و لەدەستی مەدە، لە خوێندنەوەی چوار وتار یان چوار كتێب لە بئ دەرفەتیدا باشترە كە تێنەگەیشتبێتی!.
هەوڵ بدە كرداری خوێندنەوەت بەواقیع كەیت بۆ ئەوەی ژیانێكی تری خۆت بۆ خۆت دروست بكەیت، تاوەكو ئەو ژیانەی كە لە كتێبەكان یان ڕۆمان و فیلم و زنجیرەكانیدا هەیە كۆپی نەكەیت بەسەرخۆتدا، ژیانی خۆت – خۆت پراكتیزەی بكەیت، نەك بۆت بخەنە ناو بیرەوەریەكانت و لەوان بچیت و دواجار لە خۆت دەربچیت .