زاری كرمانجی – سۆران :
سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادەی سوننی، بە بۆنەی كۆتاییهاتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان و سەركەوتنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەیامێكی دا پیرۆزبایی لە سەرۆك بارزانی و گەلی كوردستان دەكات و دەڵێ ” دەنگدانی خەڵكی كوردستان بە پارتی دیموكراتی كوردستان بەڵگەیە لەسەر متمانەی شەقامی كورد بەو پارتە و ڕێبازەكەی.”
خەمیس خەنجەر، سەرۆكی هاوپەیمانیی سیادەی سوننی بەم بۆنەوە لە تۆڕی كۆمەڵایەتی ئێكس پەیامێكی بڵاو كردەوە و دەڵێ “پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی سەرۆك مەسعود بارزانی دەكەم بەهۆی ئەو سەركەوتنە گەورەیەی بە دەستی هێناوە، كە ئەمەش بەڵگەیە لەسەر متمانەی شەقامی كورد بەو پارتە و ڕێبازەكەی لە بەرگریكردن لە مافەكانی كورد دژی ئەو گرووپانەی بەرژەوەندییەكانیان پێش بەرژەوەندیی گەل دەخەن.”
دەشڵێت “بەشداری خەڵك لە هەڵبژاردن و بەڕێوەچوونی پرۆسەكە بە شێوەیەكی باش و كێبڕكێی دیموكراسی نێوان لایەنە سیاسییەكان، بەڵگەیە لەسەر پابەندبوونی خەڵكی كوردستان بە بنەما دیموكراسییەكان و ئاڵوگۆڕی دەسەڵات بە شێوەیەكی ئاشتییانە و لە ڕێگەی سندووقەكانی دەنگدانەوە.”































































