زاری كرمانجی – سۆران :
باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، لە ڕاگەیاندراوێكدا بە بۆنەی تەواوبوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكات و داوا لە پارتە سیاسییەكانی براوەی هەڵبژاردن دەكات كە بەبێ دواكەوتن حكومەت پێك بهێنن .
ئەلینا ڕۆمانۆوسكی، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق، پەیامێكی بەبۆنەی سەركەوتنی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بڵاو كردەوە و ڕایدەگەیەنێت “كارمەندانی نێردەی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا لە عێراق، چاودێری دەنگدانیان لە بنكەكانی دەنگدان لە سەرانسەری هەرێمی كوردستان كرد، هاوكات دەستخۆشی لە خەڵكی هەرێمی كوردستان دەكەم بۆ پابەندبوونیان بە پرۆسەی دیموكراسی.”
باڵیۆزی ئەمەریكا لە پەیامەكەیدا داواكارە لایەنە سیاسییەكانی كورد حكومەت بەبێ دواكەوتن پێك بهێنن و دەشڵێت ” پێكهێنانی حكومەتی نوێ، ڕێگا بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان خۆش دەكات كە دام و دەزگا دیموكراسییەكانی بەهێز بكات و مافەكانی مرۆڤ بەرەو پێش ببات و برەو بە گەشەپێدانی ئابووری بدات و خۆڕاگریی هەرێمی كوردستان پتەو بكات.”

































































